بەتۆمەتی‌ هەڕەشەكردن لە خاوەنی‌ دوو پێشانگای‌ ئۆتۆمبێل تۆمەتبارێك دەستگیركرا

18/09/2019

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، بەتۆمەتی‌ هەڕەشەكردن لەخاوەنی‌ دوو پێشانگای‌ ئۆتۆمبێل بە وەرگرتنی‌ سەرانە لێیان، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچرا تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردوەتەوە، پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی لەلایەن خاوەنی‌ دوو پێشانگای‌ ئۆتۆمبێلەوە، كە كەسێك لە رێگەی‌ مۆبایلەوە هەڕەشەیان لێدەكات ‌و داوای‌ سەرانەیان لێدەكات، بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچرا لێكۆڵینەوەكانی‌ بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی‌ تۆمەتبار دەستپێكرد و لەماوەیەكی‌ كەمدا توانرا كەسەكە بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت‌، هەروەها لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەكەیدا ناوە و ئاماژەی‌ بۆ ئەوەكردووە لەكاتی‌ هەڕەشەكردنەكەدا بەرنامەی‌ مۆبایلی‌ بۆ گۆڕینی‌ دەنگی‌ بەكارهێناوە تا نەناسرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رونیشیكردوەتەوە، تۆمەتبار لەدایكبوی‌ ساڵی‌ 1994ەو لەئێستادا بەبڕیاری‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ 452 لەیاسای‌ سزادانی‌ عیراقی‌ راگیراوە، هەروەها لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچراوە پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group