مەترسیدارترین ژنی داعش: پلانی سێ هێرشی كیمیاییم بۆسەر شاری بەغدا دانا

18/09/2019 عێراق

نەوا
ئەبرار كوبەیسی، كە بە "مەترسیدارترین ژنی داعش" دادەنرێت و لەئێستادا دەستگیركراوە، دانی بەوەدا نا، لەساڵی 2016دا ویستویەتی سێ هێرشی كیمیایی بكاتەسەر شاری بەغدا و خۆیشی یەكێكیان ئەنجام بدات.
رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچەفەرمی دانپێدانانەكانی كوبەیسی لەراپۆرتێكدا بڵاوكردوەتەوە و تێیدا هاتوە، ساڵی 2016 بڕوای تەواوی بۆ دروستبو، كە سێ هێرشی كیمیایی بكاتەسەر شاری بەغدا و ویستویەتی خۆی یەكێك لەهێرشەكان بۆسەر هێزە ئەمنیەكان یان هاووڵاتیان ئەنجام بدات، بۆ ئەوەش سێ بڕە مادەی كیمیایی براونەتە شاری بەغداو و یەكێكیانی لە قتویەكدا ئامادەكردوە بۆئەوەی لەناوچەیەكی دیاریكراودا بتەقێنێتەوە، كە خەڵكی زۆری تێدابێت.
بەپێی راپۆرتەكە، شانەی هەڵۆكان لەوكاتەدا شەڕێكی هەواڵگری زۆر زیرەكیان كردوەو دزەیانكردوەتە ناو ماڵی ئەبرار و دوو كەسەكەی دیكە و قتوەكانیان گۆڕیوە بە چەند قتویەكی دیكە، كە هەمان شێوەو رەنگ بون، بەڵام ساختەبون، بۆئەوەی ئەو ئەندامانەی داعش هەوڵی تەقاندنەوەو بەكارهێنانی بدەن، ئەبرار و ئەو كەسانەش كارەكەیان ئەنجامداوەو قتوە ساخەتەكانیان لەو ناوچانەی دیاریان كردبوو بۆ تەقینەوە، داناوە.
دواتر لەهەڵمەتێكدا ئەو ئەندامانەی داعش بە ئەبراریشەوە دەستگیركران، هۆكاری دواخستنی بڵاوكردنەوەی ئەم زانیاریانەش بۆ ئەوەبوە، كە پرۆسەیەكی گەورەی هەواڵگری و راوەدونانی چەكدارانی داعش هەبوە و تێیدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان سەرجەم ئەو چەكدارانەی داعش كە ئەبرار راهێنانی پێكردون بۆ بەكارهێنانی مادەی كیمیایی، لەپرۆسەیەكدا لەشاری رەققە كوژراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group