"لە یەك دوو رۆژی داهاتوو بڕیاری دانانی ژمارەیەك وانەبێژ دەدرێت"

18/09/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
سەرپەرشتیاری یەكەی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە یەك دوو رۆژی داهاتوو بڕیاری دەستبەكاربوون بۆ ژمارەیەك وانەبێژ لەقوتابخانەو خوێندنگەكان دەدرێت و هەفتەی داهاتووش ژمارەیەكی دیكە ناوی مامۆستای وانەبێژ رادەگەیەنرێت.
مامۆستا عومەر ساڵح سەرپەرشتیاری یەكەی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بەشێك لەوانەبێژان بۆ قوتابخانەو خوێندنگەكان دانراون و ناوەكان رەوانەی پەروەدەكراوەو چاوەڕواندەكرێت لە یەك دوو رۆژی داهاتوو بڕیاریان بۆ دەربچێت، بۆ وەجبەی دووەمی ناوەكانیش چاوەڕواندەكرێت لە هەفتەی داهاتوو بڕیاری لەسەر بدرێت.
راشیگەیاند، شێوازی دانانی وانەبێژەكان ئەوانەی ساڵی پار فۆڕمیان پڕكردووەتەوە دوو جۆرن كۆمەڵێك لەوانە ساڵی رابردوو وەكو وانەبێژ دانرابوون و بەشێكیش لەوانە ساڵی رابردوو فۆڕمیان پڕكردووەتەوە بەڵام دەرفەتی وانەبێژییان بەرنەكەوتووە بەهۆی ئەوەی ژمارەی فۆڕمەكان زۆر زیاتربوون لە ئاستی پێویستی قوتابخانەو خوێندنگەكان".
باسی لەوەشكرد، ژمارەیەك لە وانەبێژەكان شوێنەكانیان پڕنەكراوەتەوە بە مامۆستای میلاك ئەوانە لەلایەن بەڕێوەبەرەكانەوە رەزامەندی لەسەر دانانەوەیان دراوە، بەڵام بەشێك لەوانە رەنگە شوێنەكانیان بە مامۆستای میلاك پڕكراوەتەوە ئەوانە جارێكی دیكە دەخرێنەوە لیستی كێبەڕكێ بۆ وانەبێژی بەپێی ئەو خاڵانەی ساڵی پێشوو وەریانگرتووە.
سەبارەت بە دەنگۆیەك كە باس لەوەدەكرا بۆ ئەمساڵ ئەو دەرچووانەی بڕوانامەی تایبەت بە بواری پەروەردەیان نەبێت وەكو مامۆستای وانەبێژ دیاری ناكرێنەوە، مامۆستا عومەر ساڵح سەرپەرشتیاری یەكەی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بۆ رادیۆ نەوا وتی: "پێشتر هەوڵێكی لەوجۆرە هەبوو بەڵام دواتر لەلایەن وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتییەوە رێنماییەك هات بۆ ئەو كەسانەی ساڵی رابردوو وانەبێژبوون دووبارە دیاری بكرێنەوە بۆ نمونەی كۆلێژی كشتوكاڵ بۆ وانەی زانست دیاریدەكرێن بەڵام ئەوانەی دەرچوونی پەیمانگاكانن بڕوانامەكانیان بۆ مامۆستای نابێت دانانرێنەوە، تەنها پەیمانگای هونەرەجوانەكان و پەیمانگای وەرزش و ئەوانەی بڕوانامەكانیان بۆ بواری پەروەردەیە دیاری دەكرێن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group