ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزی جوتیاران درێژ دەكرێتەوە

18/09/2019
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتووكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو

نەوا- سەعید عەبدولڵا- هەولێر
وەزیری كشتووكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕایگەیاند، ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزی جوتیاران درێژدەكرێتەوە و ڕێژەی وەرگرتنەوەی قەرزەكەش كەم دەكرێت.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتووكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە كۆنفڕانسی رۆژنامەوانی سەبارەت بەقەرزی كشتووكاڵ ڕایگەیاند، داواكاریەكی زۆرمان بۆ دەهات لەلایەن جوتیاران و خاوەن پڕۆژەكانی كشتووكاڵی لەبارەی قەرزی كشتووكاڵی كە بڕی 222 ملیار و 533 ملیۆن دینار بەشێوەی قەرز لەساڵی 2009ەوە بە جوتیاران و خاوەن پڕۆژەكانی كشتووكاڵی بۆ ئەوەی بە ماوەی 8 ساڵ بەقیست پارەكە بگەڕێننەوە.
وتیشی، لەهەولێر سێ هەزار و 657 كەس و لەسلێمانی دوو هەزار و 568 كەس و لە دهۆك هەزار و 892 كەس، هەروەها لەئیدارەی گەرمیان 310 كەس و ئیدارەی ڕاپەڕین 401 كەس ئەو قەرزەیان وەرگرتووە كە كۆی گشتی دەكاتە 8 هەزار و 868 كەس سودیان لەو قەرزە وەرگرتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی قەیرانی سەختی دارایی لەكابینەی پێشوو، جووتیارانی هەرێمی كوردستان سەرەڕای خەرجی و بەرهەمەكانیان، بەڵام شایستە داراییەكانیان لەلایەن بەغدادەوە لەبری ئەو گەنمەی رادەستی سایلۆكانیان كردبوو، وەرنەگرتبوو، بۆیە حكومەت وەرگرتنەوەی قەرزەكەی بۆ چەند ساڵێك دواخست.
وتیشی: بۆ ئەوەی بتوانین هەماهەنگی بكەین لەگەڵ جووتیاران و خاوەن پڕۆژەكان و باری سەرشانیان لەدانەوەی قەرزەكان سووكتر بكەین و بەئاسانترین شێوە هاوكاریان بین قەرزەكانیان بدەنەووە، رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لەنێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و دارایی بەمیكانزمی گوونجاو و رێنمایی و یاسا بەركارەكان كارئاسانی بكەین بۆ جوتیاران.
ڕوونیشی كردەوە، بڕیاری وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە درابوو، بۆیە مامەڵەی بەشێك لەجوتیاران و خاوەن پڕۆژەكان وەستابوو، لەئێستاوە دەتوانن مامەڵەكانیان ڕایی بكەن، ئەوانیش لەئایندەیەكی نزیك میكازمی گونجاو بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان دادەنێن و بەماوەیەكی درێژ وەری دەگرنەوە، بەڵام هێشتا هیچ ماوەیەكیان دیاری نەكردووە ماوەی چەند درێژ دەكەنەوە، چونكە پێشتر بەماوەی 8 ساڵ قەرزەكانیان لێ وەردەگیرایەوە، ئێستا دەیانەوی كاتێكی زیاتر بدەن بە جوتیاران قەرزەكەیان بدەنەوە بەمەش هەم ماوەی دانەوەی قەرزەكەیان درێژدەبێتەوە، هەم ڕێژەی وەرگرتنەوەی قەرزەكەیان كەمتر دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group