وەزیری پلاندانانی هەرێم: مەترسییەكانی خۆمان گەیاندۆتە دەستەی ئاماری عیراقی

19/09/2019 عێراق

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
بەمەبەستی گەشەپێدانی ئامادەكارییەكانی پرۆسەی سەرژمێری لە عیراقدا، كە وابڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت، ئەمڕۆ لەشاری هەولێر كۆبونەوەی سێیەمی نێوان دەستەی ئاماری كوردستان و دەزگای ناوەندیی ئاماری عیراق بەسەرۆكایەتی وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچو.
لە پاش كۆبونەوەكە، دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا وتی "لەگەڵ وەفدێكی حكومەتی عیراقی كۆبوینەوە، كە مەهدی عەللاق راوێژكاری سەرۆك وەزیران و د.زیا عەواد سەرۆكی دەزگای ناوەندیی ئاماری عیراق ئامادەبون، لەو كۆبونەوەیەدا مەترسییەكانی خۆمان وەك هەرێمی كوردستان لەبارەی سەرژمێریەكە خستەڕو، كە وابڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت".
وتیشی "ئەو مەترسیانەی هەمانە نەك ئێمە بەڵكو برایانی توركمان و سوننەكان و كریستیانەكانیش هەیانە، چونكە ئێستا دۆخی عیراق جێگیر و ئاسایی نییە، بۆیە ئەگەر ئەو سەرژمێریە لە دۆخێكی ئاساییدا بكرێت ئێمەش پشتیوانی دەكەین، چونكە سەرژمێرییەكانی دیكەی عیراق لەدۆخی نائاساییدا كراون، بۆیە هیوادارین ئەم سەرژمێرییە لە دۆخێكی ئاساییدا بكرێت".
دواتر خالید شوانی وەزیری كاروباری هەرێم و بەغدا وتی "ئێمە وەك هەرێمی كوردستان لاریمان نییە لەسەرژمێری گشتی، بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا ئێمە نیگەرانین و نامانەوێت بەمشێوەیە بكرێت، كە ئێستا حكومەتی عیراق دەیەوێت، بۆیە بەهیوای ئەوەین ئەو ئامادەكاریەی هەیە لە روی هونەری و لۆجستی تەواوبن و دواتر لایەنی سیاسیش كاری لەسەر بكات، چونكە ئەو سەرژمێرییەی هەیە كاریگەری دەبێت لەسەر داهاتوی كاری حكومەتەكانی هەرێم و بەغدا، بۆیە ئەو لیژنەیەی كاری سەرژمێرییەكە دەكات دەبێت ئەو مەترسیانە بڕ‌ەوێنێتەوە و ئەو دانیشتوانە رەسەنەی هەیە لە ناوچەكاندا تۆماربكرێن، ئێستاش دوای ئەم كۆبونەوەیەی ئێمە چاوەڕوانی كۆبونەوەكانی داهاتوی نێوان هەرێم و بەغدا دەكەین، كە ئامادەكاریە لۆجستییەكان لەو چوارچێوەیەدا چۆن دەبێت و دواتر بەراپۆرتێك دەخرێتە بەردەم هەردوو حكومەت بۆ زانینی ئەوەی چی دەكرێت و ئێمەش چ بڕیارێك دەدەین".
لای خۆیشیەوە مەهدی عەللاق راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق وتی "بەپێی ئەوكاتەی لەبەردەستمانە كاردەكەین بۆ سەرژمێری، كە بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا بكرێت و هەموو ئەو بوارانەش لەبەرچاو دەگرین كە هەندێك ناوچە دەبێت مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ بكرێت و ئەو ناوچانە بەپێی راسپاردە نێودەوڵەتیەكان كاری لەسەر دەكەین، چونكە ئەو لیژنە ئامادەكاریەی ئێستا كاردەكات، شارەزایانی ناوخۆو نێودەوڵەتیمان لەگەڵدایە".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پرۆسەیە، پرۆسەیەكی گەورەیە و پێویستیمان بەكات هەیە بۆ ئامادەكارییەكان، كە ئێستا بەڕێوەدەچین و تا كۆتایی مانگی 10ی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بەڵام پێویستیمان بە هاوكاری سیاسی هەیە، سەرژمێری گشتی لە وڵاتان بەپێی بەرنامەی 5 یان 10 ساڵی دەبێت و لەوڵاتانی پێشكەوتوو بەشێوەی رۆژانە دەكرێت، ئێمە هەوڵدەدەین ئەو سەرژمێرییە بە پاكترین شێوە ئەنجام بدەین.
هەر لە پرێس كۆنفرانسەكەدا، د.زیا عەواد سەرۆكی دەزگای ناوەندیی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عیراق وتی "ئێستا بنەما سەرەكی و گشتیەكانی ئەم پرۆسەیە داڕێژراون و كاریان لەسەر دەكەین و هەمومان بەیەكەوە كاردەكەین و بەپێوەرە نێودەوڵەتییەكان بەڕێوەدەچین، هەروەك پەیوەندی تەواومان لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێم و وەزارەتی پلاندانانی هەرێم هەیە، دیارە ئەو پرۆسەیە چەند ساڵێك دواخراوە، بەڵام هیوادارین ئەمساڵ ئامادەكارییەكان بكرێن و ساڵی داهاتوو پرۆسەكە بەڕێوەبچێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group