زۆرینەی ئەڵمانییەكان حەزیان لە بەرپرسیارێتی نییە

21/09/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
راپرسییەكی نێودەوڵەتی دەریخستوە، زۆرینەی لێپرسراوان و فەرمانبەرانی نێو دامەزراوەكان، ئارەزووی بەردەوامبوون یان وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی باڵا لە دامەزراوەكاندا ناكەن، بەتایبەتی ئەڵمانییەكان، كە بەشدارییان لە راپرسییەكەدا كردوە.
پەیمانگای "ئیپسوس" بۆ راپرسی، لە هەریەك لە ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و چین، راپرسییەكی بۆ نزیكەی پێنج هەزار لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە جیاجیاكان كردووە، بۆ زانینی رێژەی ئەوانەی ئارەزووی بەردەوامبوون یان وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی باڵا لە دامەزراوەكاندا دەكەن، دەركەوتوە كە تەنها لەسەدا 9ی بەشداربووان ئارەزوو دەكەن لە پۆستی باڵادا بمێننەوە، یان پۆستێكی باڵا وەربگرن.
لەبارەی ئەو لێپرسراوانەی دەیانەوێت لە پۆستێكی باڵادا بەردەوام بن، لە ئەڵمانیا تەنها سەدا 40ی بەشداربووان ئارەزووی بەردەوامبوونیان هەیە، كە كەمترین رێژەیە لە راپرسییەكەدا، بەڵام لە چین سەدا 70ی بەشداربووان دەیانەوێت لە بەرپرسیارێتیدا بەردەوام بن، كە زۆرترین رێژەیە لە راپرسییەكەدا.
لەبارەی هۆكاری نەبوونی ئارەزووی وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی باڵا لە دامەزراوەكاندا، سەدا 81ی بەشداربووان پێیانوایە بەراورد بە رابردوو، ئەركی بەرپرس و بەڕێوەبەرەكان قورستر بووە.
راپرسییەكە پێشنیاری ئەوە دەكات كۆمپانیا و دامەزراوەكان هەوڵبدەن بۆ ماوەی درێژخایەن خۆیان وەكو دامەزراوەی سەرنجڕاكێش بۆ فەرمانبەرە بەتواناكان بهێڵنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group