سوپای پاسداران: بە توندی وەڵامی هەر هێرشێك دەدەینەوە

21/09/2019 جیهان
حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران ئێران

نەوا
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، هەر وڵاتێك هێرشیان بكاتە سەر بە توندی بەرپەرچی دەدەنەوە و خاكەكەی خۆی دەكەنە گۆڕەپانی شەڕ.
لە پەراوێزی پێشانگای فڕۆكە بێ فڕۆكەوانە دەستبەسەرداگیراوەكان لە تاران، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران ئێران رایگەیاند: وڵاتەكەی بەوە ناسراوە كە بەتوندی وەڵامی هەرجۆرە هێرشێك دەداتەوەو تا لەناوبردنی دەستدرێژیكارەكە كۆڵنادات و هیچ شوێكی پارێزراو بۆ دوژمنەكەی ناهێڵێتەوە.
وتیشی: ئەگەر هەر وڵاتێك هێرشیان بكاتەسەر، خودی خاكی ئەو وڵاتە دەكەنە گۆڕەپانی شەڕ.
دوای هێرشەكانی هەفتەی رابردووی سەر دوو كارگەی نەوتی سعودیە، سەرباری ئەوەی حوسییەكان بەرپرسیارێتی هێرشەكانیان لە ئەستۆی گرت، بەڵام ریاز و واشنتۆن سورن لەسەر تۆمەتباركردنی ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.
ئەمریكا بەدوری نازانێت رێوشوێنی سەربازی بەرامبەر بە هێرشبەرانی سەر دامەزراوە نەوتیەكانی سعودیە بگرێتەبەر و وەك هەنگاوی سەرەتاییش رۆژی شەممە كۆشكی سپی بڕیاریدا ژمارەیەك لە هێزە سەربازیەكانی رەوانەی كەنداو بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group