وادەی سەردانی لیژنەكەی پەرلەمانی عیراق بۆ بەدواداچوونی نەوتی هەرێم ئاشكرا دەكرێت

14/10/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 


ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزەو سەرچاوە سروشتیەكانی پەرلەمانی عیراق لەبارەی بەدواداچوونی ئەو لیژنەی لە ئەنجومەنی نوێنەران پێكهێنرا بۆ بەدواداچوونی هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان رونكردنەوە لەبارەی دەستبەكاربوونی لیژنەكە دەدات و ئەوەش دەڵێت: "لەدوای كۆتایی هاتنی مەراسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حسەین دەست بەكارەكان دەكرێت".
غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەو سەرچاوە سروشتیەكانی پەرلەمانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دوای لیژنەیەك لە پەرلەمانی عیراق پێكهێنرا ئامانج لە پێكهێنانی لیژنەكە بۆ بەدواداچوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بووە تاوەكو بزانرێت رۆژانە چەند بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت و چۆن مامەڵەی پێوە دەكرێت و دەفرۆشرێت، داهاتەكەی دەچێتە كوێوەو دواتر سەرجەمی ئەو پرسانە بە راپۆرتێك رەوانەی پەرلەمانی عیراق دەكەینەوە.
وتیشی: "وەك ئاشكرایە لە مانگی یازدەوە كار لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2020 دەكرێت تاوەكو پشكی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێت بەوشێوەیەی كە لە سودی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مووچە خۆراندایەو دواتریش ئەو بودجەی رەوانەی هەرێم دەكرێت دیاری بكرێت".
غالب محەمەد راشیگەیاند، نەهاتنی لیژنەكەی پەرلەمانی عیراق بۆ بەدواداچوونی هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە مەراسمی چلەی ماتەمینی "ئیمام حسەین"ەوە هەبووە كە هەندێك لە پەرلەمانتاران نەیانتوانی ئامادەبن بەڵام چاوەڕواندەكرێت لەدوای كۆتایی هاتنی مەراسیمەكە لیژنەكەی پەرلەمانی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و بەدواداچوون بكرێت و راپۆرتی خۆی لەوبارەیەوە رەوانەی پەرلەمانی عیراق بكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group