پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە كەركوك كۆتایی هات

15/10/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق رەتیدەكاتەوە پرۆسەی بایۆمەتری لە كەركوك كۆتایی هاتبێت و دەڵێت: "پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە لە 15ی تشرینی یەكەم كۆتایی هاتووە".
عەبدولباست دەروێش لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، پرۆسەی بایۆمەتری لە كەركوك بەردەوامە بەڵام پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە رۆژی 15ی تشرینی دووەم كۆتایی پێهاتووە، جەختی لەوەشكردەوە كە لە 1ی ئاب-ەوە پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستی پێكردبوو لە 15ی 10 ی 2019 نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كۆتایی هاتووە نەك پرۆسەی بایۆمەتری.
دەروێش راشیگەیاند، بۆ پرۆسەی بایۆمەتری 43 بنكەمان هەیە بۆ پێشوازی هاووڵاتیان بەدرێژایی رۆژەكانی هەفتە جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە كە ئێواران كار دەكەین، هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بنكەكان بكەن بۆ ئەنجامدانی بایۆمەتری و پرۆسەكەش تا كاتێكی نادیار بەردەوام دەبێت.
لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق ئاشكراشیكرد، لە پرۆسەی بایۆمەتری رێژەیەكی باش لە هاووڵاتیانی كەركوك خۆیان تۆماركردووە كە نزیكەی 700 هەزار كەس دەبن و دەكاتە رێژەی 68%و پرۆسەكەش هیچ ئاستەنگێكی لەبەردەم نییەو بەشێوەیەكی باش لەكارەكانی بەردەوامە. 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group