"هاووڵاتی دەبێت دوای دەنگدانیش چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بكات"

15/10/2019
نەوا
ئەندامێكی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هاووڵاتی نابێت لەكاتی هەڵبژاردن خۆی تەسلیمی بێئومێدی بكات بەڵكو دەبێت دوای دەنگدانیش چاودێری پرۆسەكە بكات.
د. رێزان حمەرەشید ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لەمیانی ئەلقەی نۆیەمی بەرنامەی هەڵبژاردن و سیستمەكانی بە سپۆنسەری رێكخراوی ماڵی سەركەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناكان لە "رادیۆی نەوا"وە پێشكەشكرا وتی: " پرۆسەی هەڵبژاردن پایەیەكی گرنگی پراكتیزەكردنی پرۆسەی دیموكراسیە‌و مافی دەنگدەرە‌و عەمودی فەقەری پرۆسەكەیە، دەبێت دەنگدەر وەك ماف مومارەسەی بكات و لەهەمانكاتیشدا ئەركە و وەك واجب دەبێت ئەنجامی بدات.
راشیگەیاند، چەند ساڵێك تێپەریوە‌و هەڵبژاردن نەكراوە هاووڵاتی بەهانەی خۆی هەیە كە توشی بێئومێدی ببێت كە هەڵبژاردن ئەنجام ناگۆرێت، بەڵام نابێت تەسلیمی ئەو دۆخە بێت، دەبێت هاووڵاتی چاودێری پرۆسەكەش بكات نەك تەنها دەنگبدات و تەواو.
لەلایەكی دیكەوە پارێزەر عیماد حەمید چاودێری هەڵبژاردن لەمیانی بەرنامەكەدا رایگەیاند، هەڵبژاردن پرۆسەیەكە بۆ دروستكردنی بڕیاری سیاسی لەلایەن كۆمەڵێك هێزەوە بە بڕیاری دەنگدەران بە گوێرەی سەنگ و قورسایی دەنگەكان ئەمەش لە دنیایەكی دیموكراسی و دنیایەك كە هەڵبژاردن تێیدا گەمەیەك نەبێت بۆ داپۆشینی بڕیارە سیاسیە پێشوەختەكان كە ئەمە لە ئەزمونی ئێمەدا شتێكی رێژەییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group