عومەر سەید عەلی: گەلەكەمان پێویستی بە یەكڕیزییە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم

18/10/2019
نەوا
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو مەترسییانە دەخاتەڕو كە ئێستا لەسەر ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان هەن و دەڵێت: "ناكۆكی و هەڵچون و دەستوەردان لە كاروباری عێراق و ناوچەكە لە بەرژەوەندی وڵاتان، كاریگەری لەسەر ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەبێت ".
عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند:" ناكۆكی وڵاتانی ئیقلیمی و وڵاتانی زلهێز وایكردوە ناوچەكە هەمیشە لە هەڵوێست و دۆخی هەڵچوندا بێت، دەستوەردان لە كاروباری عێراق دەكرێت و هەریەكە و لە روانگەی بەرژەوەندی خۆیەوە سەیری دەكات، ئێمەش بەشێكین لەم عێراقە و ئەو مەترسیانەی لە ناوچەكە و لەسەر عێراقن رو لە ئێمەش دەكەن، بۆیە ئەمڕۆ گەلەكەمان پێویستی بە یەكڕیزیی و ئارامییە".
جەختیشی كردەوە:"گەلەكەمان پێویستی بە یەكڕیزی لایەنە سیاسیەكانە، بۆئەوەی بەو هێز و لایەنانەوە كە لە دەسەڵاتن و ئەوانەش كە ئۆپۆزسیۆنن پێكەوە ئەم قەوارە سیاسەی هەرێم بپارێزن لە پارچە پارچەبون و دو ئیدارەیی و دەستوەردانی دەوڵەتانی ناوچەكە، ئەركی بزوتنەوەی گۆڕانە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی دیكە داوای یەكڕیزی بكات، بەڵام یەكگرتویی شكڵی نا، بەڵكو یەكڕیزی و یەكگرتویی بۆ پاراستن و بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنانەی كراون و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group