سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم له‌سه‌ر به‌ردبارانكردنی سوپای ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

22/10/2019

نه‌وا
سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی رۆڵ و هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، نابێت رۆڵ و خه‌باتی هاوپه‌یمانان، به‌تایبه‌ت سوپای ئه‌مریكا، تێكه‌ڵ به‌ بڕیاری نه‌خوازراوی سیاسی بكرێت.
دوای بڕیاری دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا و ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی توركیا بۆسه‌ر رۆژئاوای كوردستان، له‌ شه‌قامی كوردیدا ره‌خنه‌ له‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریكا گیرا و به‌ پشتبه‌ردانی كورد وه‌سفكرا، شه‌وی رابردو سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، به‌بیریهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزی هاوپه‌یمانان به‌ سه‌ركردایه‌تیی سوپای ئه‌مریكا رۆڵێكی سه‌ره‌كییان هه‌بووه‌ له‌ پاراستن و هاوكاریكردنی هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر له‌ راگه‌یاندنی ناوچه‌ی دژه‌فڕینه‌وه‌ له‌ ساڵی 1991 تاوه‌كو روخاندنی رژێمی به‌عس له‌ ساڵی 2003 و تێكشكاندنی گروپی تیرۆریستیی داعش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردودا، هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا شانبه‌شانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان قوربانییان داوه‌ و به‌رگرییان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.
سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت، نابێت رۆڵ و خه‌باتی هاوپه‌یمانان، به‌تایبه‌تی سوپای ئه‌مریكا، تێكه‌ڵ به‌ بڕیاری نه‌خوازراوی سیاسی بكرێت. ھه‌رێمی كوردستان رێز و پێزانینی بۆ هێزی هاوپه‌یمانان و سوپای ئه‌مریكا دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ و خه‌بات و قوربانیدانیان به‌رز راده‌گرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group