بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەركردەیەكی جیهادیی فەڵەستینی كوژرا

12/11/2019 جیهان

نەوا
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرایكرد، خودی خۆی بەرپرسە لە كوشتنی بەها ئەبو عەتا سەركردەی دیار لە رێكخراوی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستینی لە كەرتی غەززەدا.
بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی ناتانیاهۆ، شەوی رابردو بەها ئەبو عەتا لە كەرتی غەزە كراوەتە ئامانج، كە بەرپرسە لە زۆرێك لە هێرشە موشەكییەكانی سەر ئیسرائیل لەماوەی چەند مانگی رابردودا و هەوڵی داوە كردەوەی تریش ئەنجامبدات.


رونیشكراوەتەوە، سەرۆكی دەستەی ئەركانی گشتی سوپای بەرگری و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل (شاباك) رێنماییان داوە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە و لەلایەن سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگرییەوە رەزامەندی لەسەردراوە.
سوپای ئیسرائیل سەرلەبەیانی ئەمڕۆ كوشتنی بەها ئەبو عەتا سەركردەی دیاری سەرایای قودسی باڵی سەربازی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە كەرتی غەزە راگەیاند، بەپێی زانیاریەكانیش لەهێرشەكەدا، كە تەلارێك كراوەتە ئامانج، ئەبو عەتا و هاوسەرەكەی و دوو كەسی دیكە كوژراون.
وەك كاردانەوەیەكیش بەرانبەر ئەو پرۆسە سەربازییەی ئیسرائیل، بەیانی ئەمڕۆ لە كەرتی غەززەوە 25 موشەك ئاراستەی خاكی ئیسرائیل كراوە و ژمارەیەكیان گەیشتونەتە تەلئەڤیڤی پایتەخت.


لەلایەكی دیكەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردوەتەسەر باڵەخانەیەكی نیشتەجێبون لە ناوچەی مزەی دیمەشقی پایتەختی سوریا و ویستویانە ئەكرەم عەجوری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین بكوژن، بەڵام رزگاری بوە و تەنها یەكێك لە كوڕەكانی كوژراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group