وەزیری بەرگریی عیراق: لایەنی سێیەم بۆمبە فرمێسكڕێژەكانی هێناوە و بەكاریهێناوە

16/11/2019 عێراق

نەوا
نەجاح شەممەری وەزیری بەرگریی عیراق دان بەوەدا دەنێت بەشێك لەو بۆمبی فرمێسكڕێژەی بەرانبەر بە خۆپیشاندەران بەكارهێنراوە، لەو جۆرە نەبووە كە لە ئاستی جیهانی رێگەپێدراوە و (لایەنی سێیەم) بێ ئاگاداریی دەوڵەت، هێناوێتیە ناو عیراقەوە.
وەزیری بەرگریی عیراق لە میانی دیداریكیدا لەگەڵ كەناڵی فرانس 24 رایگەیاند، هێزە ئەمنی و سەربازییەكان ئەو بۆمبە فرمێسكڕێژەیان نەهێناوەتە عیراق، كە خۆپیشاندەرانی پێ كوژراوە، بەڵكو (لایەنی سێیەم) ئەو كارەی كردوە.
وەزیری بەرگریی ئاشكراشیكرد، پاش ئەوەی پشكنین بۆ جۆری ئەو بۆمبە فرمێسكڕێژە كرا، كە لە سەری خۆپیشاندەرە كوژراوەكاندا دەرهێنراوە، دەركەوتوە لەو جۆرەی لای هێزە ئەمنییەكان نییە و بڕی گازەكەی سێ بەرامبەر ئەو جۆرەیە، كە لە جیهان ریگەپێدراوە و هێزە ئەمنییەكانی عیراقیش بەكاریدەهێنن‌، هەروەك لەو جۆرەش نییە، كە تەنها 70 مەتر دەڕوات، بەڵكو لە دوریی 300 مەترەوە ئاراستەی خۆپیشاندەران كراوە.
دوای بڵاوبونەوەی دیدارەكەی نەجاح شەممەری وەزیری بەرگریی عیراق، گومان لەسەر ئەو (لایەنی سێیەم)ە دروستبوە و بە ئاراستەی ئەوەن، كە مەبەستی حەشدی شەعبی بووبێت، بەڵام هەرزوو وەزارەتی بەرگریی عیراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و وتی "(لایەنی سێیەم) ئەو باندانەن كە چەك و بۆمبی فرمێسكڕێژی بكوژ دژی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان بەكاردەهێنن و هێزە ئەمنییەكانیش بێتاوانن لە بەكارهێنانی ئەو جۆرە بۆمبە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group