ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی دڵنیایی ده‌داته‌ موچه‌خۆرانی هه‌رێم

19/11/2019

نه‌وا-كاروان مه‌حمود 
پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دڵنیایی دەدات لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و راشیدەگەیەنێت، بۆ ماوەی 45 رۆژی دیكە تۆپەكە خراوەتە یاریگای لایەنە گەورەكانی عیراق یان ئەوەتا دۆخەكە چارەسەر دەبێت یاخود پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا توشی داڕوخان دەبێت.

 جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتاری كورد له‌ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، "تائێستا پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان نه‌كراوه‌ تاوه‌كو بوترێت كه‌وتووینه‌ته‌ قه‌یرانه‌وه‌و تاوه‌كو بودجه‌ش په‌سه‌ند نه‌كرێت له‌ بودجه‌ی 2019 پاره‌ی پێویست ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، پێم وایه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش نابێته‌ جێگه‌ی كێشه‌و قه‌یران له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداو به‌ڵكو كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر پرسی نه‌وته‌".
باسی له‌وه‌شكرد، پێی ده‌چێت له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوو حكومه‌تی هه‌رێم نه‌رمی بنوێنێت و پابه‌ندی رێككه‌تن بێت ئه‌وكات هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر مووچه‌ دروست نابێت هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌عیراق هه‌یه‌ سه‌دان كه‌س مووچه‌یان بۆ دیاری ده‌كرێت مووچه‌ خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌دوور ده‌خرێنه‌وه‌ له‌ومه‌ترسییه‌.
ئه‌وه‌شی وت: "كۆبوونه‌وه‌ی رۆژانی رابردووی لایه‌نه‌ سیاسه‌كانی عیراق له‌ رابردوو ره‌نگه‌ زۆر شت بگۆڕێت له‌عیراق و حكومه‌ت له‌به‌رده‌م شكستهێناندایه‌و ئێستا تۆپه‌كه‌ بۆ 45 رۆژ خراوه‌ته‌ یاریگای لایه‌نه‌ سیاسیه‌ گه‌وره‌كان یاخود حكومه‌ت رزگار ده‌كه‌ن له‌ رووخان و دۆخی سیاسی گۆڕانكاری تێدا ده‌كه‌ن یاخود پرۆسه‌ی سیاسی عیراق له‌ناوده‌چێت".
ئاشكراشیكرد، پێشتر عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران زۆر پشتیوانی لایه‌نێكی دیاریكراوی ده‌كرد به‌ڵام بۆ داهاتوو به‌وجۆره‌ نابێت و پشتیوانی هاووڵاتی زیاتر ده‌كات بێگومان هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدان و گرنگی به‌وانیش ده‌درێت.

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group