مەلا بەختیار داوای گۆڕینی شێوازی پەیوەندی نێوان هەرێم و عیراق دەكات

20/11/2019

نەوا
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت "هەندێك وڵاتی ئەم ناوچەیە بە رواڵەت لەم سەدەیەدان و لە جەوهەردا هێشتا لە سەدەكانی ناوەڕاستدان، بۆیە ناتوانن كێشەكان چارەسەربكەن". جەختیشدەكاتەوە، كە پێویستە پەیوەندییەكانی هەرێم و عیراق لە كلاسیكییەوە بۆ پەیوەندیی ئەم سەردەمە بگۆڕێت.
لەمیانی بەشداریكردنی لە پانێلی (هەولێر و بەغدا) لە دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك بەڕێوەدەچێت، مەلا بەختیار وتی "روداوەكانی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەریخست هەندێك وڵات بە رواڵەت لەم سەدەیەدان، بەڵام لە جەوهەردا هێشتا لە سەدەكانی ناوەڕاستدان، وەرچەرخان بە مانای مۆدێرنیەت و دیموكراسی و مەدەنی و پابەندبون بە دەستور لەم وڵاتانەدا بونی نییە، بۆیە كاتێك ئەو وڵاتانە توشی قەیران دەبن دەگەڕێنەوە خاڵی سفر و ناتوانن بەپێی هەلومەرجی ئەم سەردەمە كێشەكان چارەسەربكەن".
وتیشی "لە مێژووی عیراقدا 44 كابینە دروستكراون، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە كێشە ئابوریی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی وڵاتەكە چارەسەربكەن".
مەلا بەختیار پێیوایە، لەسەردەمی جیهانگیریدا نەوەیەك پەیدا بوە لەژێر هەژمونی رابردودا نین تا هەموو شتێكی ئەو حكومەتانە قبوڵ بكەن، بۆیە راپەڕین دروستدەبێت و ئاراستەكان دەگۆڕن.
ئاماژەی بەوەشكرد "گرنگترین شت بۆ هەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی دەستورە لە عیراقدا، لە دوای 2003 تائێستا دەستور جێبەجێ نەكراوە، بۆیە روبەڕوی چەندین كێشە بوینەتەوە، ئێستا مەترسی ئەوەش هەیە ئەگەر هەمواركردنەوەی دەستور بكەوێتە دەست هەندێك كەس لە عیراقدا، ئەوا لە روانگەی نادیموكراسییەوە دەستور هەمواردەكەنەوە و عیراق دەبەنەوە بۆ گێژاوی رابردو، بۆیە هیوادارم راپەڕینەكانی ئێستا، عیراق ببەنە قۆناغێكی دیكەوە بۆ هەموو پێكهاتەكان".
هەروەها مەلا بەختیار جەختیكردەوە، كە دەبێت پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق لە كلاسیكییەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندیی ئەم سەردەمە و بەپێی پێویستییەكانی ئەم سەردەمە كێشەكان چارەسەربكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group