جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی: یەك دیناری دەرماڵەی مووچە خۆران نابڕێت

20/11/2019
نەوا-كاروان مەحمود 
جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری پەرلەمانی كوردستان دەنگۆی بڕین و كەمكردنەوەی دەرماڵەی مووچە خۆرانی هەرێم رەتدەكاتەوەو دەڵێت: "تەنها رێكخستن بۆ دەرماڵەكان دەكرێت ". 
هیڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، هیچ بەرنامەیەك نییە حكومەت یەك دینار و یەك سەنتی دەرماڵەی مووچە خۆران كەمبكاتەوە وەكو لیژنەی دارایی كە لایەنی پەیوەندیدارین بەو پرسە لەگەڵ حكومەت و لیژنەی دارایی گفتوگۆمان كردووە ئەو پرسە ئەسڵ و ئەساسی نییەو سەنتێكی مووچە خۆران نابڕێت.
وتیشی: "حكومەت كاتێك متمانەی وەرگرت لە پەرلەمانی كوردستان لەكاتی پێشكەشكردنی بەرنامەكەی تەوەری یەكەمی چاكسازی بوو لە پرسی دەرماڵەش تەنها رێكخستنی دەرماڵە هەیەو هیچ باسی بڕینی نەكراوەو ئەگەر حكومەت بەرنامەیەكی لەوجۆرەشی هەبێت لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی پێنادرێت، چونكە ئەمە پرسێك نییە موزایەدەی پێوە بكرێت و ئەم ژیان و قوتی خەڵكە".
هیڤیدار ئەحمەد راشیگەیاند، تاوەكو ئێستا پرۆژە یاسای چاكسازی نەهاتووەتەوە پەرلەمانی كوردستان تاوەكو بزانین حكومەت بەرنامەی چییە حكومەتی هەرێم داوایكردووە دەرفەتی پێبدرێت تاوەكو باشترین پرۆژە ئامادە بكرێت و ئەو نایەكسانییەی چەند ساڵە خەڵك بەدەستیەوە دەناڵێنێت حكومەت چاكی بكات و جۆرێك لەدادپەوەری هەبێت.
هیڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری پەرلەمانی كوردستان لەبارەی شێوزای رێكخستنی دەرماڵەی مووچەخۆران بۆ رادیۆ نەوا زیاتر دواو وتی: "ئەوەی ئێمە بەرچاو رونییمان هەیە رێكخستن هەیە لەدەرماڵە نەك بڕینی دەرماڵە بۆ نمونە كابرا لەسەر (لواط) دەستگیركراوە پارەی زیندانی سیاسی وەرگرتووە كێ قوبڵی دەكات ئەم نایەكسانییە هەبێت، یاخود بایەلۆجی تەواوكردووەو تاقیگە دادەنێت و مەترسییە هەیە لەسەر توشبوونی بەنەخۆشی هەقی ئەمەیە دەرماڵەی هەبێت نەك ئەوەی دەرچووی بایەلۆجییەو دەبێتە سكرتێری وەزیرێك هەمان دەرماڵەی مەترسی هەبێت".
باسی لەوەشكرد، "ئەوەی ئێمە مەبەستمانە یەكسانی هەبێت و هەركەس مافی خۆی پێبدرێت و رێگری و رێكخستن بۆ مووچەی ئەوكەسانە بكرێتەوە كە بندیوارن یاخود بەنایەكسانی مووچە وەردەگرن، بەڵام لە ئێستادا بەشێك لەو حزبانەی بەرژوەندییان لەوەدایە لەسەر گەندەڵی بژین و چاكسازی نەكرێت وا خەڵك دەترسێنن یاخود مووچە خۆران دەترسێنن كە حكومەت كارەكانی بۆ دژایەتی ئەوانە یاخود پەرلەمانی كوردستان لەدژی ئەوان كاردەكات.
جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە، "هەموو مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە كە ئێمە لەلیژنەی دارایی بەدواداچوونمان كردووە ئەمە جگە لە درۆیەك هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نییە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group