لە ئیسرائیل كەس حكومەتی پێ دروستناكرێت

21/11/2019 جیهان

نەوا
بێنی گانتز سەركردەی هاوپەیمانێتیی شین-سپی لە ئیسرائیل، هاوشێوەی بنیامین ناتانیاهۆ شكستیهێنا لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی ئیسرائیل.
شەوی رابردو، چەند كاتژمێرێك بەر لە كۆتاییهاتنی وادەی دیاریكراوی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی ئیسرائیل، بێنی گانتز سەركردەی هاوپەیمانێتیی شین-سپی، بە رەئوڤین ریڤلین سەرۆكی ئیسرائیلی راگەیاند، نەیتوانیوە لەگەڵ پارتەكانی دیكە بگاتە رێككەوتن بۆ پێمهێنانی حكومەتی داهاتو.
پێشتریش بنیامین ناتانیاهو سەرۆكی پارتی لیكۆد راسپێردرابوو بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام بەهەمانشێوە شكستی هێنابوو لە ماوەی دیاریكراودا حكومەت پێكبهێنێت.
دوای ئەوەی گانتز شكستهێنانی لە پێكهێنانی حكومەت راگەیاند، ناتانیاهو داوای لێكرد بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی یەكێتیی نیشتمانی.
پێدەچێت رەئوڤین ریڤلین سەرۆكی ئیسرائیل شكستهێنانی پێكهێنانی حكومەت بە پەرلەمانی وڵاتەكە رابگەیەنێت و ماوەی 21 رۆژ دیاریبكات بۆ ئەوەی 61 ئەندامی كنیستی ئیسرائیل رێكبكەون لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت.  
لەماوەی ئەمساڵدا دووجار هەڵبژاردنی گشتی لە ئیسرائیل ئەنجامدراوە، كە دواترینیان لە رۆژی 17/9ی ئەمساڵ ئەنجامدرا، هاوپەیمانێتیی شین-سپی بەسەرۆكایەتیی بێنی گانتز 33 كورسیی كنیستی بەدەستهێنا و براوەی یەكەم بوو، پارتی لیكۆد-ی بنیامین ناتانیاهو-ش 32 كورسی بەدەستهێنابو.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group