لە بەغدا دوو خۆپیشاندەر كوژران و دەیانی دیكەش برینداربون

21/11/2019 عێراق

نەوا
بەهۆی توندوتیژیەكانەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەشاری بەغدا دوو خۆپیشاندەر كوژراون و 38ی دیكەش برینداربون.
ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوە ئەمنی و پزیشكییەكانی شاری بەغداوە بڵاویكردوەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزە ئەمنییەكانی شاری بەغدا بە بۆمبی غازی فرمێسكڕێژ روبەڕوی خۆپیشاندەران بونەتەوە.
رونیشكراوەتەوە، روبەڕوبونەوەكە لەنزیك دوو پردی سەرەكی شاری بەغدا رویداوە و بەهۆی توندوتیژیەكانیشەوە دوو خۆپیشاندەر كوژراون و 38ی دیكەش برینداربون.
بەپێی وتەی سەرچاوەكان، دوو كوژراوەكە راستەوخۆ بۆمبە فرمێسكڕێژەكان بەر سەریان كەوتوە و گیانیان لەدەستداوە.
لە سەرەتای مانگی 10ی رابردوەوە خۆپیشاندانەكانی شاری بەغدا و چەندین پارێزگای دیكەی عیراق دژی گەندەڵی و بۆ داواكردنی خزمەتگوزاری بەردەوامە و تائێستاش سەدان كەس كوژراون و هەزاران برینداربون، تائێستاش حكومەت رێوشوێنەكانی بۆ چاكسازی و جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران كاردانەوەی باشی هاووڵاتیانی ناڕازی لێنەكەوتوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group