كۆتا وەجبەی ژنە ئێزدی و منداڵەكانیان گەیشتنە فەرەنسا

21/11/2019 جیهان

نەوا
كۆتا وەجبەی ئێزدیەكان، كە لە 27 ژن و منداڵ پێكهاتبون بۆ دەستكردن بە ژیانێكی نوێ‌ وەك پەنابەر گەیشتنە فەرەنسا و لەلایەن نوێنەری حكومەتەوە پێشوازییان لێكرا.
لەوبارەیەوە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردوەتەوە، 27 ژن و منداڵی ئێزدی وەك پەنابەر گەیشتونەتە فڕۆكەخانەی شارل دیگۆڵ لەنزیك شاری پاریس و بڕیارە لەو وڵاتە ژیانێكی نوێ‌ دەستپێبكەن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەوە كۆتا وەجبەی ئەو ژن و منداڵە ئێزدیانەیە، كە فەرەنسا وەك پەنابەر قبوڵی كردون.
لای خۆیشیەوە ئێریك شۆفالییە بەڕێوەبەری ناوەندی تەنگژەكان لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەكاتی پێشوازیكردن لەو ژنە ئێزدیانە وتی "بەخێربێن بۆ فەرەنسا وردە وردە دەبینن منداڵەكانتان دەچنە خوێندنگا، هەروەها هاوڕێ پەیدا دەكەن، ئێوە ئێستا لە ماڵی خۆتاندان".
یەكێك لەو ژن پەنابەرانەش وتویەتی "ئەوەی لە ساڵانی رابردودا بەسەرماندا هات، پێشبینی ناكرێت، ئەمڕۆ فەرەنسا باوەشی خۆی بۆ كردوینەتەوە و سوپاسگوزارین، یەكەم شت كە دەمانەوێت بیكەین، فێربونی زمانە و دواتریش ناردنی منداڵەكانمان بۆ خوێندنگا و بڕیاردان لەژیانی خۆیان لەداهاتودا".
جێی باسە، ئەو ژنە ئێزدیانە و منداڵەكانیان لە رێگەی فڕۆكەیەكەوە لە شاری هەولێری هەرێمی كوردستانەوە گەیەنراونەتە فەرەنسا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group