بۆ یەكەمجار كامێرای غەرامەكردنی بەكارهێنانی مۆبایل كەوتەكار

01/12/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
ویلایەتی نیو ساوز وێڵزی ئوسترالی وەك یەكەم ناوچە لەجیهاندا بەكارهێنانی كامێرای تایبەت بە ئاشكراكردنی بەكارهێنانی مۆبایلی لەكاتی شۆفێریدا خستەكار.
دەستەی گواستنەوەی ویلایەتی نیو ساوز وێڵز، كە شاری سیدنی دەكەوێتە سنورەكەیەوە، بڵاویكردوەتەوە، یەكەم كامێرای ئاشكراكردنی بەكارهێنانی مۆبایل لەكاتی شۆفێریدا لەسەرئاستی جیهان كەوتوەتە كار و رۆژانە 24 كاتژمێر كاردەكات و لە هەموو كەشوهەوایەكدا توانای ئاشكراكردنی شۆفێری سەرپێچیكاری هەیە.
كامێراكە ژیری دەستكرد بۆ پێداچونەوە بە وێنەكاندا بەكاردەهێنێت بۆئەوەی ئەو شۆفێرانە ئاشكرابكات، كە لەكاتی شۆفێریدا مۆبایل بەكاردەهێنن، لەساڵێكیشدا دەتوانێت 135 ملیۆن ئۆتۆمبێل بپشكنێت.
بەپێی یاسای ویلایەتی نیو ساوز وێڵز شۆفێر دەتوانێت پەیوەندی وەربگرێت و پەیوەندی بكات بەمەرجێك هێدفۆن بەكاربهێنێت و هەموو جۆرەكانی دیكەی بەكارهێنانی مۆبایل بەسەرپێچی هاتوچۆ هەژمار دەكرێت.
بەپێی سەرژمێریەكان تەنها لەمساڵدا لەهەمان ویلایەت 329 كەس بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و لەساڵی 2018یشدا 354 كەس بونەتە قوربانی، ئامانجی دەسەڵاتدارانیش ئەوەیە تا ساڵی 2021 ژمارەی قوربانیەكانی هاتوچۆ بە رێژەی 30% كەمبكەنەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group