12 خۆپیشاندەر لە ناوەڕاستی بەغدا كوژران

06/12/2019 عێراق

نەوا
شەوی هەینی بەهۆی تەقەكردنی كەسانی نەناسراو بەلانی كەمەوە 12 خۆپیشاندەر لە نزیك گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا كوژران، حكومەتی عیراقیش رەتیدەكاتەوە بەرپرس بێت لەو كوشتارگەیە و رایگەیاند، روداوەكە پەیوەندی بە ململانێی چەكدارییەوە هەیە.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس لەزاری پۆلیس و كارمەندانی تەندروستییەوە بڵاویكردەوە، چەكدارانی نەناسراو تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی نزیك گۆڕەپانی تەحریر كردوە و 12 كەسیان كوشتوە و دەیانی دیكەش برینداربون.


راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانیش باس لەوەدەكەن، چەكدارەكان پەلاماری خۆپیشاندەرانیان داوە لەنێو باڵەخانەی پاركینی ئۆتۆمبێلی سەنەك لە نزیك پردی سەنەك، كە زۆر لە گۆڕەپانی تەحریرەوە دور نییە.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبونەتەوە، ژمارەیەك چەكدار لە ئۆتۆمبێلێكی بێ تابلۆ دادەبەزن و پێدەچێت ئەوان تەقەیان كردبێت، لە هەمانكاتدا وێنەی سوتاندنی پاركینی ئۆتۆمبێلەكانیش بڵاوبۆتەوە.
لەبارەی ئەو روداوەش، عەبدولكەریم خەڵەف وتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان رەتیكردەوە هێزە ئەمنییەكان دەستیان لە روداوەكەدا هەبێت و وتی "ململانێیەكی چەكداری لەنێو گەراجی ئۆتۆمبێلی سەنەك هاتوەتەئاراوە و بوەتەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە نهۆمە بەرزەكانی باڵەخانەكەدا".
وتیشی "هێزە ئەمنییەكان پابەندن بە راسپاردەكانی مەرجەعی باڵا بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەكان و موڵكی گشتی و تایبەت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group