سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان: له‌ كه‌ركوك پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان له‌ به‌رزبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدان

09/12/2019

نه‌وا
لیژنه‌ی داكۆكی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، له‌شاری كه‌ركوك پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان له‌ به‌رزبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدان و ئیداره‌ی شاره‌كه‌و هێزو گروپه‌ چه‌كداره‌كانی كه‌ركوك تۆمه‌تبارده‌كات به‌وه‌ی كه‌ به‌به‌رنامه‌ ئه‌و كارانه‌ دژبه‌ رۆژنامه‌نوسان به‌دیاریكراویش دژبه‌ رۆژنامه‌نوسانی كورد ده‌كه‌ن. 
لیژنه‌ی داكۆكی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی رۆژنامه‌نوسان له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا باسی له‌ خراپی بارودۆخی رۆژنامه‌نوسان له‌شاری كه‌ركوك كردوه‌و رایگه‌یاندووه‌، ماوه‌یه‌كه‌ پارێزگای كه‌ركوك به‌دۆخێكی سیاسی نائارام‌و پڕ كێشه‌دا تێده‌په‌ڕێ، ڕێژه‌ی پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان به‌تایبه‌ت رۆژنامه‌نوسانی كورد له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه‌‌و گه‌یشتۆته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار.
به‌پێویستیشی زانیوه‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان‌و حكومه‌تی عیراق‌و هه‌رێمی كوردستان‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌ڵوه‌سته‌ی جدی له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ن.
هه‌روه‌ها لیژنه‌كه‌ داوای له‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی عێراق كردوه‌ ئه‌ركی پیشه‌ییانه‌ی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن ‌و داكۆكی له‌رۆژنامه‌نوسانی شاری كه‌ركوك بكه‌ن، داواشی له‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی شاری كه‌ركوك كردوه‌ ئه‌و پێشیڵكارایانه‌ رابگرن، له‌هه‌مان كاتیش داوای له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و هه‌مو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ش كردوه‌ كه‌ له‌خه‌می رۆژنامه‌نوسانی پارێزگای كه‌ركوكدا بن‌و نه‌هێڵن چیتر رۆژنامه‌نوسان‌و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌و شاره‌ پێشێل بكرێت.



ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌...

به‌یاننامه‌ی لیژنه‌ی داكۆكی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی رۆژنامه‌نوسان به‌بۆنه‌ی خراپی بارودۆخی رۆژنامه‌نوسان له‌شاری كه‌ركوك

له‌شاری كه‌ركوك پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان له‌ به‌رزبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه‌

ئاشكرایه‌ زۆربونی گرژی‌و ململانێ‌و نائارامی له‌هه‌ر شوێنكدا هه‌بێت، ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ‌و خوڵقێنه‌ری‌و روداوه‌كان، بێگومان ئه‌مانه‌ بابه‌تگه‌لێكن پێویستیان به‌ڕوماڵ‌و به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی زیاتره‌، لێره‌شدا ئه‌ركی رۆژنامه‌نوسانه‌، كه‌ كار بۆ ده‌ستكه‌وتنی زانیاری بكه‌ن‌و به‌دوای هۆكارو ئاسه‌واری كێشه‌كاندا بگه‌ڕێن ‌و راستی بابه‌ته‌كه‌ به‌ خه‌ڵك بگه‌یه‌نن، هه‌ر بۆیه‌شه‌ له‌و جۆره‌ دۆخانه‌دا ژینگه‌ی كاری رۆژنامه‌گه‌ری ده‌بێته‌ مه‌ترسی بۆ رۆژنامه‌نوسان‌و كاری رۆژنامه‌نوسی.

ماوه‌یه‌كه‌ پارێزگای كه‌ركوك به‌دۆخێكی سیاسی نائارام‌و پڕ كێشه‌دا تێده‌په‌ڕێ، ڕێژه‌ی پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه‌‌و گه‌یشتۆته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار، له‌سه‌ر سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان‌و حكومه‌تی عیراق‌و هه‌رێمی كوردستان‌و چ بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی جدی له‌سه‌ر بكه‌ن، زه‌مینه‌یه‌كی له‌بارو ئارام بۆ رۆژنامه‌نوسان فه‌راهه‌م بكه‌ن‌و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان نه‌هێلن، چونكه‌ رۆژنامه‌نوسانی كه‌ركوك سه‌رباری هه‌مو كێشه‌كانی دیكه‌یان، پشكی سه‌ره‌كی قوربانی‌و ناكۆكییه‌ ره‌گه‌زی‌و حیزبی‌و سیاسیه‌كانیان به‌رده‌كه‌وێت.

ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ی داكۆكی له‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری‌و مافی رۆژنامه‌نوسانی كوردستان ئه‌م پرسه‌ به‌پرسێكی هه‌ستیارو نائاسایی‌و مه‌ترسیدار ده‌زانین، پێمان وایه‌ ئیداره‌ی شاره‌كه‌و هێزو گروپه‌ چه‌كداره‌كانی كه‌ركوك به‌به‌رنامه‌و به‌مه‌به‌ست ئه‌و كارانه‌ دژ به‌ رۆژنامه‌نوسان به‌دیاریكراویش دژ به‌ رۆژنامه‌نوسانی كورد ده‌كه‌ن‌و كه‌شێكی هێنده‌ ترسناكیان دروستكردوه‌ كه‌ رۆژنامه‌نوسان ناتوانن كاری ئاسایی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، له‌وباره‌وه‌ چه‌ندین جۆری پێشیلكاری له‌هه‌ڕه‌شه‌و سوكایه‌تی‌و ڕێگریكردن له‌كاره‌كانیان‌و ئازاردانی رۆژنامه‌نوسان له‌ لای لیژنه‌ی داكۆكی تۆمار كراون.

بۆیه‌ ئێمه‌ له‌لیژنه‌ی داكۆكی له‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، داوا له‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی عێراق ده‌كه‌ین به‌ئه‌ركی پیشه‌ییانه‌ی خۆیان هه‌ستن‌و داكۆكی له‌رۆژنامه‌نوسانی شاری كه‌ركوك بكه‌ن، هه‌روه‌ها داوا له‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی شاری كه‌ركوك ده‌كه‌ین ئه‌و پێشیڵكارایانه‌ رابگرن، له‌هه‌مان كات داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و هه‌مو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ له‌خه‌می رۆژنامه‌نوسانی پارێزگای كه‌ركوكدا بن‌و نه‌هێڵن چیتر رۆژنامه‌نوسان‌و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌و شاره‌ پێشێل بكرێت.

لیژنه‌ی داكۆكی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی رۆژنامه‌نوسان 
هه‌ولێر ٨-١٢-٢٠١٩

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group