له‌باره‌ی ئاشكراكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

09/12/2019 عێراق

نه‌وا-كاروان مه‌حمود 
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌باره‌ی دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق رونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "ئه‌و مه‌رجانه‌ی دیاریكراون ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ده‌ستوردا هاتووه‌".
د. جوان ئیحسان سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، دیاریكردنی مه‌رج بۆ دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و مه‌رجانه‌یه‌ كه‌ بۆ سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیره‌كان له‌ده‌ستوری عیراق دیاریكراوه‌و ئه‌گه‌ر مه‌رجی تایبه‌تیش دیاریكرابێت ئێمه‌ هیچ زانیارییه‌كمان نییه‌.
وتیشی: "ئه‌و ناوانه‌ی بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ گوایه‌ كاندیدی نوێی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقن  ته‌نها له‌ میدیاكاندایه‌و هیچ شتێكی فه‌رمی نییه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌".
د. جوان ئیحسان راشیگه‌یاند، سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ىڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان گفتوگۆ ئه‌نجامبدات نه‌ك كوتله‌كانی په‌رله‌مان چونكه‌ ئه‌وه‌ دوو شتی جیاوازه‌و سه‌رۆك كۆماریش زیاتر له‌گه‌ڵ كوتله‌ سیاسیه‌كان باسی ده‌كات ئه‌گه‌ر بگه‌نه‌ ئه‌نجام، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌وترێت له‌لایه‌ن كوتله‌ گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مان كوتله‌ی سه‌در هیچ كاندیدێكی بۆ ئه‌و پۆسته‌ نابێت و ناچێته‌ ناو رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كان و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ بكرێت كه‌ له‌ناو په‌رله‌مانی عیراق زۆرینه‌یه‌.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، تائێستا نه‌مانبیستووه‌ هیچ كاندیدێك رێككه‌وتنی له‌باره‌وه‌ كرابێت بۆ دیاریكردنی وه‌ك كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق و ئه‌وه‌شی ده‌وترێت له‌ راگه‌یاندنه‌كان بێگومان ئه‌وانه‌ نین چونكه‌ ده‌بێت به‌دواداچوون له‌باره‌ی كاندیده‌كه‌ بكرێت و ئاسانیش نییه‌ یه‌كسه‌ر ناوه‌كه‌ی بدرێته‌ راگه‌یاندنه‌كان و ئاشكرا بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group