چۆنێتی دیاریكردنی نوێنه‌رانی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیارانی هەڵبژاردنی عێراق ده‌خرێته‌ڕوو

10/12/2019

نه‌وا
به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نه‌ماوه‌ و ستافێكی نوێ كاری كۆمسیۆن به‌ڕێوه‌ ده‌بات و له‌ناویشیدا پشكی كورد پارێزراو ده‌بێت.
خه‌سره‌و گۆران به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌: "یاسای كۆمسیۆنی عێراق هه‌موار كرایه‌وه‌ و‌ 9 كه‌سی دیكه‌ وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری كۆمسیۆن دیاری ده‌كرێن، كه‌ بریتی ده‌بن له‌ دادوه‌ر و خه‌ڵكی تایبه‌تمه‌ند، وه‌ك پێشووتر كوردستان 2 نوێنه‌ری له‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌بێت كه‌ ئالیه‌تی دیاریكردنیان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق 7 كه‌س دیاری ده‌كات و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی كوردستانیش یه‌ك دادوه‌ر و كه‌سێكی پسپۆڕ دیاری ده‌كات، كه‌ كۆی گشتی، 9 كه‌سه‌".
گۆران ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو: "دیار نییه‌ بۆ داهاتوو كۆمسیۆنی چۆن ده‌بێت، به‌ڵام كۆمسیۆنی ڕابردوو له‌ پێكهاته‌ی حزبه‌كان پێك هاتبوو، بۆ نموونه‌،‌ پارتی له‌ 2004 تا ڕیفراندۆم سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا دادوه‌ر و كه‌سی تایبه‌تمه‌ند ده‌بن. به‌ ‌تیروپشك دیاری ده‌كرێن، ئێمه‌ وتمان ده‌بێ كوردستان ئه‌ندامی له‌ ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران هه‌بێت و له‌ كوردستان دیاری بكرێت، نه‌ك له‌ ‌به‌غدا."
ڕایشیگه‌یاند: "له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو سیسته‌می بایۆمه‌تری ده‌بێت و ئه‌وه‌ی نه‌یكردبێت، ناتوانێت به‌شداری بكات."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group