كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم: پێویستە رۆژنامەنوسان بەبێ سانسۆر كاربكەن

11/12/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
ستیڤن ڤەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەڵێت "هانی حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی دەدەین هەنگاوی گرنگ بنێن لەپێناو پەرەپێدانی ژینگەیەك، كە تێیدا رۆژنامەنوسان بتوانن ئازادانە كاری خۆیان بكەن".
ئەمڕۆ 11-12-2019 لەكاتی بەڕێوەچونی پرۆگرامی پەرەپێدانی توانای رۆژنامەنوسانی پێكهاتەكان، ستیڤن ڤەیگن لە وتەیەكدا رایگەیاند، حكومەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەخۆشحاڵیەوە كۆمەكی دارایی 94 هەزار دۆلاری پێشكەش كردوە بۆ ئەو پرۆگرامە، كە 100 رۆژنامەنوس تیایدا بەشداری دەكەن.
وتیشی "ئەم كۆمەكە یارمەتیدەرە لە دڵنیابونەوەی ئەوەی رۆژنامەنوسانی پێكهاتەكان دەوڵەمەند دەكرێن بە بنەما سەرەكییەكانی كاری رۆژنامەگەری و كەرەستەی بنیادنانی پردی پتەوی پەیوەندی لەنێوان خەڵك و كۆمەڵگەو حكومەتدا، ئەوەش ئەركی حكومەتی ئەمریكایە و پابەنددەبین بەهاوكاری هەموولایەك تا دەنگیان ببیسترێت".
لەبارەی دۆخی رۆژنامەنوسانیشەوە، وتی "ئەمریكا باوەڕی وایە ئازادی راگەیاندن یەكێكە لە كۆڵەكە گرنگەكانی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی بۆئەوەی رۆژنامەنوسان لە كۆمەڵگەی دیموكراسیدا بتوانن بەبێ سانسۆر كاربكەن و ترسی تۆقاندن و هەراسانكردن و هەڕەشەیان لەسەر نەبێت، هەموو رۆژنامەنوسان مافی ئەوەیان هەیە بۆچونەكانیان ئازادانە دەرببڕن بەبێ بونی ترسی هەڕەشە و تۆقاندن و ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان یاخود تۆڵەسەندنەوە و سزادانیان جا ئەگەر كاری رۆژنامەنوسان رەخنەگرتن بێ لە حكومەت یان بۆچونێكیان دەربڕیوە، كە لەئەنجامدا دەبێتەهۆی هێنانەكایەی كۆمەڵگەیەكی شەفافتر و زیاتر نوێنەرایتكراو".
كونسوڵی ئەمریكا لە وتارەكەیدا نمونەی قسەیەكی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی هێنایەوە، كە وتویەتی "بە پەرەپێدانی راگەیاندنی ئازاد هاووڵاتیان ئازادتر دەبن و هەروەها چالاكتر و زیاتر تێكهەڵكێشی پرۆسەی دروستكردنی بڕیاردەبن. دەشتوانن باشتر لە كاری حكومەتەكانیان بپێچنەوە".
لەكۆتایی قسەكانیشیدا باوەڕی خۆی نیشاندا بەوەی كاتێك زانیاری بەردەست دەبێت، كۆمەڵگە گەشە دەكات، لەو روانگەیەشەوە وتی "رێز لە رۆژنامەنووسان دەنێین، چونكە ژیانی خۆیان بۆ پیشەكەیان تەرخانكردوە و زۆرجاریش توشی مەترسی گەورە دەبن ئەویش لەپێناو پەرەپێدانی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی و دەستخستنی زانیاری".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group