پەرلەمانتارێكی عیراق: كەمترین رێژەی هەژاری لە سلێمانییە و زۆرترینیش لە موسەننایە

12/12/2019 عێراق

نەوا
ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق رێژەی هەژاری لە پارێزگاكانی عیراقدا بڵاوكردەوە و بەپێی داتاكانیش زۆرترین هەژار لەپارێزگای موسەننایە، كەمترینیش لە پارێزگای سلێمانیدایە.
ماجدە تەمیمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "پارێزگاكانی باشور و ناوەڕاستی عیراق بەرزترین رێژەی هەژاریان تێدایە، بە جۆرێك رێژەی هەژاری لە پارێزگای موسەننا 52%ە و دیوانیە 48%و پارێزگای میسانیش 45%-ە، ئەمەش بەواتای ئەوەیە نیوەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایانە هەژارن".
سەبارەت بەو پارێزگایانەی ساڵانە گەشتیاری ئایینی روویان تێدەكات، ئاماژەی بەوەداوە، رێژەی هەژاری لەپارێزگای كەربەلا گەیشتوەتە 14% و نەجەف 13%، ئەمەش ئاماژەو خاڵێكی ئیجابیە بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ رێژەی گەشتیاری ئایینی لەوڵاتدا.
سەبارەت بەپارێزگاكانی هەرێم و شارەكانی كەركوك و بەغدا تەمیمی رونیكردوەتەوە، دهۆك بەرزترین رێژەی هەژاریی تۆماركردوە، هەروەها كەمترین رێژەی هەژار لە عیراقدا لەپارێزگای سلێمانییە، كە %4.6ە، پارێزگای هەولێریش 6.7% ەو دواتریش كەركوك بەڕێژەی 7.6%، هەرچی شاری بەغداشە رێژەی هەژاری تێیدا %9.9 یە.
ساڵی 2018 بانكی نێودەوڵەتی هۆشداریدابوو لە ناسەقامگیری بارودۆخی ئابوری عیراق ئەوەش دوای ئەوەی رێژەی هەژاری گەیشتە %22، وەزارەتی كاری عیراقیش ئاشكرایكردوە زیاتر لە یەك ملیۆن خێزانی عیراقی لەژێر هێڵی هەژاریدان.




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group