لەساڵی 2020دا عیراق دەچێتە قۆناغی "بودجەی كاتی"یەوە

12/12/2019 عێراق

نەوا
ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، بەهۆی دواخستنی ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ پەرلەمان لەلایەن حكومەتەوە، لە ساڵی 2020دا عیراق دەچێتە قۆناغی "بودجەی كاتی"یەوە.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رونیكردەوە، هیوایەك هەبو رۆژی پێنجشەممەی رابردو حكومەتی عیراق پرۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام توشی سەرسوڕمان بون لەوەی كاتێك سەرۆك وەزیران بیانوی دەهێنایەوە بۆ نەناردنی و گوایە دەسەڵاتی ئەوەی نییە پرۆژەكە بنێرێت، چونكە حكومەتی كاربەڕێكەرە.
وتیشی "پەرلەمان بەدواداچونی بۆ ئەو بابەتە كردوە و دەركەوتوە سەرۆك وەزیران دەتوانێت لە یەكەم هەفتەی دەستپێكردنی كارەكانی حكومەتی كاربەڕێكەردا پرۆژەیاساكە بنێرێت، بەڵام راوێژكارە یاساییەكانی سەرۆك وەزیران راوبۆچونی یاسایی خۆیان پێ وتوە بۆئەوەی نەینێرێت، بۆیە ئەگەر لەم مانگەدا بنێردرێت پەرلەمان ناتوانێت خوێندنەوەی بۆ بكات و گفتوگۆی لەسەر بكات، هەروەك ناتوانێت دەنگیشی پێبدات".
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی باسی لەوەكردوە، تائێستا چاوەڕێی ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2020 دەكەن بۆ پەرلەمان و چەند پێشنیارێك هەیە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەكی یاسایی لەوانەش قسەكردن لەگەڵ سەرۆك كۆمار بۆ ناردنی پرۆژەكە بەشێوەیەكی خێرا، لیژنەی بودجە لە وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندون بودجەی 2020 بڕەكەی بە 162 تریلیۆن دینار مەزەندە دەكرێت، داهات 114 تریلیۆنە و كورتهێنانیش 48 تریلیۆن دینارە.
ئاشكراشیكرد، عیراق ناچاردەبێت پشت بە "بودجەی كاتی"ی ببەستێت و تەنها موچە و بودجەی كارپێكردن بەشێوەیەكی مانگانە خەرج بكرێت و بوجەی وەبەرهێنان و گرێبەست و پلە وەزیفیەكان خەرج ناكرێت تا دەنگ بە پرۆژەیاساكە دەدرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group