توركیا: سزاكانی ئەمریكا زیان بە پەیوەندییەكانمان دەگەیەنێت

12/12/2019 جیهان

نەوا
وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند، هەر سزایەكی ئەمریكا لەسەر وڵاتەكەی بە رێزنەگرتن لە سەروەریی توركیا وەسفدەكات، كە زیان بە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات دەگەیەنێت.
لەبارەی پرۆژەیاساكەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، كە تیایدا داوای سزادانی ئەنقەرە كراوە، وەزارەتی دەرەوەی توركیا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاندوە، پاڵنەری دەركردنی ئەو سزایەی لیژنەكەی ئەنجومەنی پیران بەهۆی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی و كڕینی سیستمی بەرگریی ئێس-400ی روسییەوە بوە، هەربۆیە ئەمریكا نیگەرانە لەوەی توركیا گورزێكی كوشندەی لە پرۆژەیەك دا، كە ماوەیەكی زۆرە كاری بۆ دەكرێت.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا پێیوایە، ئەو هەنگاوانەی لەماوەی رابردودا لە كۆنگرێسی ئەمریكاوە نراون بەرانبەر بە ئەنقەرە، هۆكارەكانی زیاتر ناوخۆیین. دەشڵێت "هەنگاوی لەو شێوەیە رێزنەگرتنە لە سەروەری و بڕیارەكانی توركیا لەبارەی ئاسایشی نەتەوەییەوە، ئەمە جگەلەوەی هیچ ئەنجامێكیان نابێت و تەنها زیان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت".
شەوی رابردوو لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پرۆژەیاسایەكی پەسندكرد بۆ سزادانی توركیا بەهۆی كڕینی سیستمی بەرگریی موشەكیی ئێس-400 و هەروەها هێرشكردنە سەر باكور و خۆرهەڵاتی سوریا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group