خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر: بێبەرین لە كوشتن و هەڵواسینی تەقەكەرەكەی گۆڕەپانی وەسبە

12/12/2019 عێراق

نەوا
خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا خۆیان بێبەری دەكەن لە روداوی كوشتن و هەڵواسینی ئەو كەسەی تەقەی بەناو خۆپیشاندەران كردو دەڵێن "ئێمە بەشێوەیەكی ئاشتیانە هاتوینەتە سەر شەقام بۆ گەڕانەوەی هەموو شتەكان بۆ دۆخی سروشتی خۆیان و هەر بەو شێوەیەش دەمێنینەوە".
خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لەبەیاننامەیەكدا جەختیانكردوەتەوە، بەشێوەیەكی ئاشتیانە چونەتە سەر شەقام بۆ داواكردنی چاكسازی و پاراستنی خوێن و رادەستكردنی تاوانباران بە دادگا، بۆئەوەی هەموو شتێك بگەڕێننەوە بۆ دۆخی سروشتی خۆی و بەئاشتی بژین، لەو پێناوەشدا دروشمی ئاشتیانەیان بەرزكردوەتەوە و گرەوی زۆریان لەسەر ئەوە كردوە و گرەویشی لەسەر دەكەن و بەردەوام دروشمیان دەبێت.
هەروەها باس لەوەدەكەن، كە ئەو تاوانەی گۆڕەپانی وەسبە ئیدانە دەكەن و مرۆڤایەتی و ئایین ئیدانەی دەكەن، چونكە یاسا سزای ئەو تاوانانە دەدات، ئەوەی رویداوە ئەوەیە بەبەرچاوی هێزە ئەمنیەكانەوە كەسێك لەگۆڕەپانی وەسبە لەژێر كاریگەری مادە هۆشبەرەكاندا تەقەی لە خۆپیشاندەران كردوەو ژمارەیەكیانی كوشتوە و هێزە ئەمنیەكانیش هیچ دەستوەردانێكیان نەكردوە، بەهۆی ئەوەشەوە ژمارەیەك كەس هێرشیانكردوەتەسەر ماڵی ئەو كەسە و ئەو روداوەی لێكەوتەوە.
خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر تەئكیدیش دەكەنەوە، ئەوان لێپرسینەوە ناكەن و داوا لەدامەزراوە ئەمنی و یاساییەكان دەكەن لێپرسینەوە لە دزو تاوانباران بكەن و ناكرێت وێنەی شۆڕشە سپیەكەیان ناشرین بكرێت، بۆیە بێبەریبونی خۆیان لەو روداوە رادەگەیەنن و بێبەریشن لە هەر هەڵسوكەوتێك، كە لەدەرەوەی ئەو بازنە ئاشتیانەیە بێت، كە دەستیانپێكردوە و پارێزگاریشی لێدەكەن تا كۆتا داواكارییان جێبەجێ دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group