كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عیراق: تیرۆركردن خۆپیشاندەران كچانیشی گرتوەتەوە

12/12/2019 عێراق

نەوا
كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق ئاشكرایكرد، روداوەكانی تیرۆركردنی چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان زیادی كردوە و تەنانەت كچانیشی گرتوەتەوە، ئەوەش لاوازی دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەكانی وڵاتەكە نیشان دەدات.
لەوبارەیەوە عەلی بەیاتی ئەندامی كۆمسیۆنەكە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "لەمیانەی بەدواداچون و چاودێریەكانماندا دەركەوتوە پرۆسەكانی تیرۆركردن بەتایبەتی تیرۆركردنی چالاكوانان رووی لەزیادبون كردوە، تەنانەت كچانیشی گرتوەتەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەكردوە، كە ئەو كردەوانە ئاماژەیەكی مەترسیدارن و لاوازی دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەكانی حكومەت پیشان دەدات، كە ئەركیان پاراستنی هاووڵاتیانە بە چالاكوانەكانیشەوە.
ئەندامەكەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ داواش دەكات، ئەو كەسانەی لە پشت تیرۆركردنی چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوەن، ئاشكرا بكرێن و راپێچی دادگا بكرێن بۆئەوەی سزای تاوانەكانیان وەربگرن.
لەمیانەی خۆپیشاندانەكانی عیراق كە زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە، جگە لە كوژراو و بریندارێكی زۆر گروپە چەكداریەكانی عیراق ناوبەناو چالاكوانان دەڕفێنن و تیرۆریان دەكەن، ئەوەش لەسەرئاستی نێودەوڵەتی نیگەرانی دروستكردوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group