هیومان رایتس وۆچ: لە عێراق كوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران بەردەوامن

13/12/2019 عێراق

نەوا
ڕێكخراوی نێودەوڵەتی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، خۆپیشاندانەكان پێیان خستە مانگی سێیەمیانەوە و هێشتا "كوشتن و ڕفاندن بەردەوامن".
هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێكدا لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە ڕایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندانەكانی عێراق پێ دەخەنە مانگی سێیەمیانەوە، گرتن و ڕفاندن و كوشتنی خۆپیشاندەران بەردەوامییان هەیە، لەبری ئەوەی خۆپیشاندەران بپارێزن كە دروشمی ئاشتییان بەرز كردووەتەوە، هێزە ئەمنییەكان پەلاماریان دەدەن و دەیانكوژن".
ڕێكخراوەكەی بواری مافی مرۆڤ ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە بە بەڵگە تۆماریان كردووە، پیاوانی چەكداری نەناسراو پەلاماری خۆپیشاندەرانیان داوە، هەرچەندە هێزە ئەمنییەكان لەوێ بوون بەڵام دەستەوەستان بوون، ئاماژەی بەوەشكردووە، تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا ئەو كەسە نەناسراوانە خۆپیشاندەرێكیان ڕفاندووە لە بەغداد، تەقەیان لە كەسێكی تر لە كەربەلا كردووە و كوشتویانە.
لەكۆتایی ڕاپۆرتەكەیدا هیومان رایتس وۆچ داوای لە حكومەتی عێراق كردووە، هاوڵاتییانی خۆی بپارێزێت لەڕێگەی كۆتاییهێنان بە توندووتیژی نایاسایی كە هێزە ئەمنییەكان دژی خۆپیشاندەران ئەنجامیان داون، داواشكی كردووە، ڕێوشوێنی كارا و بەپەلە بگرێتەبەر بەرامبەر ئەو گروپە نەناسراوانەی "تاوانەكانی كوشتن و ڕفاندن" ئەنجامدەدەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group