سیستانی: پێویستە ئەوانەی گەنجەكەی گۆڕەپانی وەسبەیان هەڵواسی سزا بدرێن

13/12/2019 عێراق

نەوا
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق سەركۆنەی كوشتن و هەڵواسینی تەرمی گەنجێكی كرد لە گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا و داوای دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی ئەو كارەی كرد.
ئەحمەد سافی نوێنەری عەلی سیستانی لە وتاری نوێژی هەینیدا پەیامی مەرجەعی باڵای شیعەكانی خوێندەوە، كە لە بەشێكیدا ئیدانەی كوشتنە و هەڵواسینی تەرمی گەنجێكی كردبوو لە گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا.
سیستانی لەو بڕوایەدایە ئامانج لە كردەوەی لەو جۆرە بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەیە و رێگە بۆ پشێوی و ئاژاوە دەكاتەوە.
مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق داواشی كردووە، ئەنجامدەرانی رووداوەكەی گۆڕەپانی وەسبە دەستگیر و رادەستی دادگا بكرێن.
عەلی سیستانی لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا وێڕای بە بیرهێنانەوەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش، داوای لە سوپا و هێزە ئەمنیەكان كردووە پیشەییانە بجوڵێنەوە و تەنها پارێزەری خاكی عێراق بن لەبەرامبەر دەستدرێژی دەرەكی و پارێزگاری لە سیستەمی حكومڕانی وڵاتە بكەن، كە هەڵقوڵاوی ئیرادەی خەڵكە.
مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای شەڕی داعش كە بەسەركەوتوویی كۆتاییهاتووە ئێستا عێراقیەكان لەبەردەم شەڕی چاكسازی و رووبەڕوبونەوەی گەندەڵیدان و دەتوانن لەوەشدا سەركەون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group