په‌رله‌مانتارێكی كورد: له‌ واده‌ی یاسایی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق دیاریده‌كرێت

15/12/2019

نه‌وا-كاروان مه‌حمود 
په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی مه‌ترسی تێكچوونی زیاتری دۆخی عیراق ده‌خاته‌ڕوو ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "به‌پێی ده‌ستور تاكۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ بۆ راسپاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق و پێمان وایه‌ له‌و واده‌یه‌ش كاندیده‌كه‌ دیاریده‌كرێت".
د. رێبوار كه‌ریم مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، ماوه‌ی راسپاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق و راسپاردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌وه‌ له‌نێوان 17 بۆ 19ی ئه‌م مانگه‌یه‌ واته‌ تاكۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌رفه‌ت هه‌یه‌و له‌ ئێستاشدا گفتوگۆ له‌نێوان لایه‌نه‌كان هه‌یه‌ بۆ دیاریكردنی كاندیدێك تاوه‌كو بتوانێت ئیداره‌ی ئه‌م قۆناغه‌ی عیراق بكات و له‌لایه‌ن شه‌قامه‌وه‌ تاراده‌یه‌ك قبوڵكراوبێت.
راشیگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ناویان هێنراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی  پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر دیاریكردنی كاندیدێكی دیاریكراو رێككه‌وتن نه‌كراوه‌و پێمان وایه‌ له‌ واده‌ی ده‌ستوریدا ده‌توانرێت كاندیده‌كه‌ دیاری بكرێت.
د. رێبوار كه‌ریم مه‌حمود بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی عیراق له‌دوای دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرا كردو وتی: "به‌دڵنیاییه‌وه‌ گۆڕانكاری له‌سه‌رۆك وه‌زیران له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ بۆ كاندیدێكی نوێ یه‌كێكه‌ له‌ خواسته‌كانی شه‌قام و هه‌روه‌ها گۆڕانكاری له‌ كۆمسیۆن و ده‌ركردنی یاسای نوێی هه‌ڵبژاردن له‌په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ پێیده‌چێت تاراده‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی عیراق هه‌بێت واته‌ شه‌قام به‌ته‌واوی چۆڵنابێت، ره‌نگه‌ پێكدادانه‌كان كه‌مترببنه‌وه‌ ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تێكی كاتی دروستده‌بێت، به‌مه‌رجێك ئه‌و حكومه‌ته‌ كاتییه‌ی پێكده‌هێنرێت به‌شێوه‌یه‌كی دروست كاری له‌سه‌ر بكرێت".
سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسی پێكدادانی چه‌كداری و دروستبوونی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ عیراق، د. رێبوار كه‌ریم مه‌حمود په‌رله‌مانتاری كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق بۆ رادیۆ نه‌وا وتی: "عیراق وڵاتێكی پڕ كێشه‌و ململانێیه‌ و ده‌ركه‌وت ئه‌و ئارامییه‌ی كه‌ هه‌بوو پێشتر كاتییه‌ و هه‌موو كات مه‌ترسی تێكچوونی دۆخه‌كه‌ هه‌یه‌و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان به‌رووی عیراق كرایه‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كارێك بكه‌ن دۆخه‌كه‌ نه‌گاته‌ پێكدادانی زیاتری ناوخۆیی".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ كورده‌كه‌ جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، بوونی گروپ و چه‌ك له‌ عیراق مه‌ترسییه‌كانی زیاتر كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش رێگای كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست چاره‌سه‌ركردنی بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group