تائێستا سه‌دان هه‌زار كوردی ئێزدی له‌ كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین

04/01/2020

نه‌وا

"تائێستا 400 هه‌زار كوردی ئێزدی له‌ كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین و به‌هۆی نه‌بونی سه‌قامگیرییه‌وه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شنگال".
میر حازم میر ته‌حسین میری كوردانی ئێزدی له‌ هه‌رێمی كوردستان و جیهاندا له‌ دیدارێكدا باس له‌وه‌ده‌كات، كه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌نجومه‌نی باڵای كوردانی ئێزدی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق و هه‌موو جیهان داده‌مه‌زرێنن. 
میر حازم میر ته‌حسین ده‌ڵێت "ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر میر ته‌حسین كۆچی دوایی كرد، كه‌ بۆ ماوه‌ی 75 ساڵ میری كوردانی ئێزدی بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو جیهاندا و له‌ ژیانی خۆیدا به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كوردانی ئێزدی بوو، نه‌ك ته‌نها له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو له‌ وڵاتانیشدا".
له‌باره‌ی ره‌وشی كوردانی ئێزدی-یشه‌وه‌ وتی "به‌رله‌ هاتنی داعش ره‌وشی كوردانی ئێزدی باشبوو، به‌ڵام دوای هاتنی داعش ره‌وشیان باش نییه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌ كه‌مپه‌كاندان و پێویستییان به‌ هاوكارییه‌، خزمه‌تگوزاری نییه‌ و تائێستا شنگال ئاوه‌دان نه‌كراوه‌ته‌وه‌ تا ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌".

وتیشی "تائێستا نزیكه‌ی 400 هه‌زار كوردی ئێزدی له‌ناو كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین و به‌هۆی نه‌بوونی سه‌قامگیری ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شنگال، جگه‌ له‌وه‌ش نزیكه‌ی سێ هه‌زار كچ، ژن و منداڵی كوردی ئێزدی هه‌ر له‌و كاره‌ساته‌ی له‌ ئابی 2014 به‌سه‌ر شنگالییه‌كاندا هات تائێستا بێسه‌روشوێنن و به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌رده‌ستماندایه‌ زۆرینه‌یان له‌ سوریادان، جگه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوسینگه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ هاوكار نه‌بوه‌ له‌ رزگاركردنی رفێندراوانی ژێرده‌ستی داعش، تائێستا زیاتر له‌ سێ هه‌زار و 500 كوردی ئێزدی رزگاركراون".
میر حازم به‌گ ده‌شڵێت "ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ رێكخراوه‌كان سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، پێیان راده‌گه‌یه‌نین و داوای رزگاركردنی كچ و ژنانی كوردی ئێزدییان لێ ده‌كه‌ین".
میری كوردانی ئێزدی له‌ هه‌رێمی كوردستان و جیهان هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌رزده‌نرخێنێت، كه‌ 3ی ئابی هه‌موو ساڵێكی وه‌ك رۆژی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی دیاریكردوه‌ و ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ شتێكی نامۆ نییه‌، كه‌ په‌رله‌مان ئه‌م رۆژه‌ی وه‌كو جینۆساید دیاریكردوه‌، چونكه‌ كوردانی ئێزدی لێره‌ میوان نین، ئێمه‌ كوردین و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانین".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group