د.شێركۆ جەودەت: بەجێبەجێكردنی یاسای چاكسازی 200 هەزار دەرچو دادەمەزرێن

05/01/2020

نەوا-لاڤە كوردە
لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان گردبونەوەی خوێندكارە دەرچوەكانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردوە و دەرچوان داوای دامەزراندن و چاكسازی كەرتی تایبەت لە حكومەتی هەرێم دەكەن و دەڵێن "ئیتر لە رێگەی شەقامەوە فشار دەكەین".
كۆژین رەحمان نوێنەری دەرچوانی دانەمەزراوی زانكۆ و پەیمانگەكان لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "پێشتر بە نوسراوی فەرمی هەرسێ داواكاریمان ئاڕاستەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كردوە و تائَێستا هیچ وەڵامێكمان نەدراوەتەوە بۆیە هاتوینەتە سەر شەقام و لێرەوە داوای دامەزراندن و هەلی كار لە كەرتی تایبەت دەكەین و پێویستیشە دامەزراندن بەپێی كۆنمرە و ساڵی دەرچون بێت بۆئەوەی دامەزراندن كرایەوە دەستی حزبی تێدانەبێت".

لەبارەی پشتگیری پەرلەمانتارانیشەوە بۆ داواكاری ئەو دەرچوانە، د. شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ بەرنامەی شەقام وتی "بەدڵنیاییەوە دەبێت پشتیوانی بكرێن، چونكە مافی رەوای خۆیانە، بەڵام حكومەتی هەرێم لە دۆخێكی شڵەژاودایە و 40%ی داهاتی نەوت نادیارە و هیچ راپۆرت و زانیاری و داتایەك نادرێت، ئەو بڕەی تریشی دەدرێتە وەزارەتی دارایی، ئێستا زیاتر لە 130 هەزار دەرچو هەیە و ساڵانەش زیاد دەكات ئەگەر چارەسەر نەكرێت مەترسیەكە لە كەڵەكەبونە و پێویستە حكومەت بەدەر لە دامەزراندن چاكسازی لە كەرتی تایبەتیشدا بكات".
دەربارەی پرۆژەیاسای چاكسازی كە ئێستا لە پەرلەمانە و زۆرینەی فراكسیۆنەكان راپۆرتەكانیان لەوبارەیەوە تەواو بوە؟ د. شێركۆ جەودەت ئاماژەی بەوەكرد، ئەو پرۆژە یاسایە كە فراكسیۆنی یەكگرتوو لە مانگی دووی ساڵی رابردو پێشكەشی پەرلەمانی كردوە، مانگانە 100 ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە، كە دەتوانرێت 200 هەزار دەچووی پێ دابمەزرێت و مانگانە 500 هەزار دینار موچەیان بێت".

ئەو دەرچوانەی زانكۆ و پەیمانگەكان، كە ژمارەیان نزیكەی 150 هەزار دەبێت، ئیتر چاوەڕێی وەڵامێكی زارەكی نابن و ئێستا لەسەر شەقامن بۆئەوەی بە جدی وەڵام بدرێنەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group