بالۆتێلی بۆ هاندەرانی لازیۆ: شەرمەزاریە بۆتان

05/01/2020 وەرزش

نەوا
ماریۆ بالۆتێلی هێرشبەری یانەی بریشیای ئیتاڵی دەڵێت "پێویستە هاندەرانی یانەی لازیۆ شەرم لە خۆیان بكەن لە پای ئەو سوكایەتییەی لە یارییەكەماندا بەرەو رووی من ئەنجامیاندا".
بالۆتێلی 29 ساڵ رۆژی یەكشەممە لە ئینستاگرامی خۆیەوە نوسیبوی "بۆ هاندەرانی لازیۆ كە لە یاریگادا بون..ئابڕوچونە بۆتان".
لە پاڵ ئەو رستەیەدا، لۆگۆیەكی رەتكردنەوەی رەگەزپەرستی داناوە بێ ئەوەی باس لەوەبكات سوكایەتییەكە رەگەزپەرستی بوە یان نا.
هەرچەندە لە یارییەكەدا بالۆتێلی گۆڵێكی بۆ تیمەكەی تۆماركرد، بەڵام بریشیا بە ئەنجامی گۆڵێك بەرانبەر بە دوو گۆڵ دۆڕا.
لە یارییەكەدا دوو جار بالۆتێلی سكاڵای بردەلای ناوبژیوان، سەرپەرشتیاری یاریگاكەش داوای لە هاندەرانی لازیۆ كرد سوكایەتی رابگرن.
پێشتریش لە مانگی 11ی ساڵی رابردو بالۆتێلی لە یارییەكەیان بەرانبەر ڤیرۆنا توشی هەمان دۆخ بوەوە، هەرچەندە ویستی لەوكاتەدا یاریگا بەجێبهێڵێت، بەڵام هاوڕێ و یاریزانانی تیمی ركابەریش هێوریان كردەوە و نەیانهێشت تەسلیمی هاندەرە رەگەزپەرستەكان ببێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group