باران بەشێك لە ئاگرەكەی ئوسترالیای كوژاندەوە

18/01/2020 جیهان

نەوا
ماوەی دوو رۆژە باران لە چەند ناوچەیەكی ئوسترالیا دەبارێت و بۆتەهۆی دروستبونی لافاو و كوژاندنەوەی بەشێك لەو ئاگرەی لە مانگی ئەیلولەوە لە دارستانەكانی ئەو وڵاتەدا كەوتوەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، دوو رۆژە لە كەناراوەكانی خۆرهەڵاتی ئوسترالیا باران و بایەكی بەهێز هەڵیكردوە و بۆتەهۆی دروستبوونی لافاو و داخستنی شەقامە سەرەكییەكان، بەتایبەت لە هەرسێ ویلایەتی ڤیكتۆریا، نیو ساوس وێڵز و كوینزلاند، كە ئاگر لە دارستانەكانیاندا كەوتۆتەوە و بەهۆیەوە زیانی زۆریان بەركەوتوە.
رۆیتەرز ئاشكراشیكردووە، بارانەكە جگە لە لافاو، بۆتەهۆی كوژاندنەوەی بەشێك لەو ئاگرەی چەند مانگێكە لە بەشێك لە دارستانەكانی ئەو وڵاتەدا كەوتۆتەوە.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوەوە ئاگرێكی زۆر لە بەشێك لە دارستانەكانی ئوسترالیا كەوتۆتەوە، كە سەختترین سوتانی دارستانەكانی ئەو وڵاتەیە لە مێژووی خۆیدا و نزیكەی 18 ملیۆن هێكتار زەوی لەناوچون، تائێستاش 29 كەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و سەدان ملیۆن گیانەوەریش لەناوچون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group