ئامەد.. پرسی كورد هەشت لایەنی سیاسی كۆدەكاتەوە

18/01/2020
نەوا
ئەمڕۆ شەممە 18-1-2020، لە شاری ئامەد-ی باكوری كوردستان، بە بەشداریی كۆنگرەی جڤاكی دیموكراتیك-كەجەدە و هەشت لایەنی سیاسیی، كۆبوونەوەی یەكڕیزیی كوردستان-یان دەستیپێكرد و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی دیارییكردنی نەخشەڕێی یەكێتی نەتەوەیی كورد دەكرێت.
كۆبوونەوەكە بە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەش دەستیپێكرد و بە هەردوو زاراوەی كرمانجی و زازاكی و بە زمانی توركیش خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە "بۆ راوەستاندنی ئەو هێرشە بەردەوامانەی لەدژی سیاسەتی رەوا و دیموكراتیی و هاووڵاتیانی باكوری كوردستان پێكدێت و دانانی خۆسەپێن لە شوێنی هاوسەرۆكی شارەوانییەكان، كە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون، یەكڕیزیی پێویستە".
هەروەها باس لەوەكراوە "یەكڕیزیی نەتەوەیی بۆ پشتگیرییكردنی تێكۆشانی گەلەكەمان گرنگە و "ئیدی بەسە" ئیدی رۆژ رۆژی یەكێتیی نەتەوەییە و بۆ گەلەكەمان وەڵامێكی واتادارە".
هەر لەو راگەیەندراوە هاوبەشەدا روونكرابۆوە، كە ئەو هەنگاوە بۆ یەكڕیزیی نەتەوەیی لە باكور و دواتریش گەورەكردنی بۆ یەكێتیی نەتەوەیی كوردستان گرنگە، بۆ ئەو مەبەستەش كاتی ئەوەیە، كە هەموو هێزەكان بخرێنە گەڕ و ئەو یەكڕیزییە سەربخرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group