سەرۆكی لیژنەی دارایی بڕی ئەو قەرزانە ئاشكرا دەكات كەوتووەتە لای وەبەرهێنەران و خاوەن پرۆژەكان

18/01/2020

نەوا-كاروان مەحمود 


سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "زیاتر لە 800 ملیار دیناری حكومەت كەوتووەتە لای وەبەرهێنەران و خاوەن پرۆژەكان و وادەی گەڕانەوەی پارەكەشی بۆ حكومەت كاتی بەسەردا تێپەڕیووە".
زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆی نەوا وتی: "ئەو پارەیەی كە بەهۆی وەبەرهێنان و پرۆژەكان كەوتووەتە لای كۆمپانیاو وەبەرهێنەرەكان لەسەرو 8 سەد ملیار دینارەو لە پارێزگای هەولێرو دۆهۆك رێژەی قەرزەكان زیاترەو سلێمانیش لە پلەی سێیەمدایە بۆ قەرزەكان و لەئێستاشدا وادەی دانەوەی قەرزەكان ماوەیەكی بەسەردا تێپەڕیوەو هەندێكیان نەیانداوەتەوەو هەوڵیش هەیە لە وەزارەتی دارایی بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان".
زیاد جەبار راشیگەیاند، وەكو پەرلەمانتاران بە باشمان زانیوە وەرگرتنەوەی قەرزەكان بخرێتە پرۆژە یاسای چاكسازی تاوەكو حكومەت پابەندبێت بەوەرگرتنەوەی قەرزەكان و ئەو پارەیەی دەگەڕێتەوە مووچەی ئەو خانەنشینانەی پێ زیاد بكرێت كە مووچەكانیان لە دوو سەدو 20 هەزار و كەمترە تاوەكو مووچەكانیان بكرێتە 400 هەزار و ئەو رێككەوتنەش لەگەڵ حكومەتكراوەو لە یاسای چاكسازیش جێگەی كراوەتەوەو بۆ ئەوەش داوا لە حكومەت دەكەین ئەو پارە وەربگرێتەوەو كار بەزیادكردنی مووچەی خانەنشینی بكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group