ئیندیپێندێنت: دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا و رێككەوتنی چین بیانوە بۆ هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی

19/01/2020 عێراق

نەوا
رۆژنامەی "ئیندیپێندێنت"ی عەرەبی ئاشكرایكرد، دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و رێككەوتنی چین، بیانوە بۆئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لە دەسەڵاتدا بەردەوام بێت.
دوای خۆپیشاندانەكانی عیراق لەسەرەتای مانگی 10ی ساڵی 2019 و دروستبونی گرژی و كوشتن و برینداركردنی ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەر، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستی لەكاركێشایەوە و بوە سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر، بەڵام تائێستا نەتوانراوە كەسێك بۆ شوێنەكەی دیاری بكرێت و لەماوەی دواییشدا دەنگۆی ئەوە هەیە هەوڵدەدرێت دوبارە بكرێتەوە بەسەرۆك وەزیران.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی "ئیندیپێندێنت" لەراپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، عەبدولمەهدی كۆتا بازنەی پەیوەندی هێزەكانی نزیك لە ئێرانە بەدەسەڵاتەوە و شارەزایان پێیانوایە بە لابردنی لە دەسەڵات، چەندین دۆسێی گەندەڵی و تیرۆر دەكرێنەوە.
رونیشكراوەتەوە، لە دیارترین ئەو رێگایانەی هاوپەیمانەكانی ئێران دەیگرنەبەر تۆمەتباركردنی ئەمریكایە بەوەی لە پشت خۆپیشاندانەكانەوەیە بۆئەوەی رێككەوتنی ئابوری لەگەڵ چین هەڵبوەشێنێتەوە و هێزەكانی لە عیراق بهێڵێتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە فراكسیۆنە كوردستانی و سوننیەكان بە فەرمی لەگەڵ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكادا نین.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەكە، بابەتی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لەسەر رێككەوتنی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێتیی فەتح وەستاوە، هەروەها وادەردەكەوێت سەرۆك كۆمار بە رێككەوتن رازی نابێت و بەردەوامبونیشی لەسەر رەتكردنەوەی پاڵێوراوان قبوڵ ناكرێت و كێشە سیاسییەكان قوڵتر دەكاتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group