لەسەر رێگای دەربەندیخان-وارماوە زیاتر لە 10 كەس بونە قوربانی

19/01/2020

نەوا
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ روداوێكی هاتوچۆ لە نزیك قەزای دەربەندیخان، زیاتر لە 10 قوربانی لێكەوتەوە.
لەوبارەیەوە رائید كاروان سەلام لێپرسراوی بەشی سكاڵا و سزاكان لە هاتوچۆی دەربەندیخان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، روداوەكە لەنێوان پاسێكی گواستنەوەی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگردا بوە و لە نزیك گوندی سیارە لەنێوان دەربەندیخان و وارماوە پێكدادانەكە رویداوە.
وتیشی "زیاتر لە 10 كەس لە روداوەكەدا برینداربون و برینی هەندێكیان سەختە".
بەگوێرەی زانیارییەكانی رادیۆ نەوا، پاسەكە لە كەلارەوە بەرەو سلێمانی رۆیشتوە و لەگەڵ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكە پێكدادانەكەی توشبوە.
رائید كاروان سەلام ئەوەشی رونكردەوە، كە لە ئێستادا سەرقاڵی رێكخستنی گواستنەوەی بریندارەكانن بۆ نەخۆشخانە و رێگای هاتوچۆش بۆ ئۆتۆمبێلەكانی سەر رێگاكە دەكەنەوە، چونكە بەهۆی روداوەكەوە لۆدێكی زۆر دروستبوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group