یاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستانەوە رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم كرا

20/01/2020

نەوا
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یاسای چاكسازی لە خانەنشینی موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر، كە لەدانیشتنی رۆژی پێنجشەمە‌ 16-1-2020 بەدەنگی 89 ئەندامی پەرلەمان پەسندكرا، رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كردوە.
سەرۆكایەتی پەرلەمان لەبڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، ئەو یاسایانەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند دەكرێن، سەرۆكی هەرێم لەماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی دانانییەوە دەریدەچێنێت و مافی ئەوەشی هەیە تانە لە كۆی یاساكە یان لە بەشێكی بدات و رەوانەی پەرلەمانی بكاتەوە تا چاوپێداخشاندنەوەی بۆ بكات.
باس لەوەشكراوە، بەپێی هەردوو مادەكانی 94 و 95 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی، دەبێت یاسا و بڕیارەكان لە ماوەی 15 رۆژدا لە رێككەوتی پەسەندكردنیانەوە بنێردرێن بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بەمەبەستی دەرچواندنیان، ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم لە ماوەی ئەو 15 رۆژەدا بـەپێی یاسا، بڕیارەكەی بەشێوەیەكی گشتی یان بەشێكی رەتكردەوە لەوكاتەدا دەبێت لیژنەی تایبەتمە‌ند لە ماوەی 15 رۆژدا راپۆرتی خـۆی بنوسێت، پاشان لە یەكەمین دانیشتین دوای تەواوكردنی راپۆرتەكە دەچێتـە نـاو پەرلەمان و بڕیاری پەرلەمان لەوبارەوە یەكلاكـەرەوە دەبێـت، یـان ڕای سەرۆكی هەرێم وەردەگرێت و راپۆرتی لیژنەی تایبەتمەند تـاووتوێ دەكرێت یان بەدەنگی زۆرینەی ئەندامان پێداگریی لەسەر ڕای خـۆی دەكـات و ئـەمجارەش ڕای پەرلەمان رەتناكرێتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group