گۆڤارێكی ئەمریكی: سیاسەتی كۆریای باكور رێگرە لە سوودوەرگرتن لە سامانێكی 10 تریلیۆن دۆلاری

21/01/2020 جیهان

نەوا
گۆڤارێكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، سامانی كانزایی كۆریای باكور دەگاتە 10 تریلیۆن دۆلار و دەكرێت چەند نەوەیەكی خێزانی (كیم) بەخێوبكات، بەڵام سیاسەتەكانی پیۆنگ یانگ رێگرن لە سوودوەرگرتن لەو سامانە كانزاییانە.
گۆڤاری "بەرژەوەندیی نیشتمانی"ی ئەمریكی، كە تایبەتە بە پرسە سەربازی و ستراتیژییەكان، راپۆرتێكی لەسەر سەرچاوەكانی داهاتی كۆریای باكور كردووە، كە تەنها چەند رێگەیەكی سنوردار و دیاریكراون، لەوانەش فرۆشتنی چەك، بەقاچاغبردن و هەروەها بەكانزاكردن.
بەڵام گۆڤارەكە پێی وایە دەكرێت لە داهاتوودا ئەو دۆخە بگۆڕێت و سەرچاوەكانی داهاتی كۆریای باكور گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، بە تایبەت كە چەندین وڵات دەیانەوێت سوود لە سامانی كانزایی ئەو وڵاتە وەربگرن، لەو چوارچێوەیەشدا لەماوەی رابردوودا وەزارەتی ژێرخانی كۆریای باشوور داوایكردبوو لەبارەی پرۆژە ژێرخانییە پێشبینییكراوەكانەوە پێشنیار بداتە باكور، بەتایبەت لەبواری سامانی سروشتی، كە سیئۆل پێی وایە داهاتی سامانی سروشتیی باكور، دەكرێت بەكاربهێنرێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئەو بەشەی نیمچە دوورگەی كۆریا.
گۆڤارەكە ئاشكراشیكردووە، داهاتی سەرچاوە كانزاییەكانی كۆریای باكور بە 10 تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێن و دەكرێت چەند نەوەیەكی خانەوادەی "كیم" پارەدار و بەخیۆ بكات، بەتایبەت ئەگەر دەسەڵاتی كۆریای باكور واز لە خەونە ئەتۆمییەكانی بهێنێت لەبەرامبەر دەستگەیشتن بە یارمەتیی ئابوری. بەڵام گۆڤارەكە پێی وا نییە لەماوەیەكی نزیكدا كۆریای باكور سوود لە سەرچاوە كانزایی و سروشتییەكانی ببینێت، مەگەر گۆڕانكارییەكی چاوەڕواننەكراو لە هەڵوێست و سیاسەتەكانی رژێمی كۆریای باكوردا بێتە ئاراوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group