هەولێر..سێ تەرم لە ماڵێكدا دۆزرانەوە

21/01/2020

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
بەهۆكارێكی نادیار لە ماڵێكی ناحیەی عەنكاوە، سێ كەس گیانیان لەدەستداوە و تەرمەكانیان رەوانەی پزیشكی دادوەری كرا.
بەپێی وتەی شایەتحاڵەكان دوێنێ لە ناحیەی عەنكاوەی شاری هەولێر سێ تەرم لە ماڵێكدا دۆزراونەتەوە، كە پێدەچێت چەند رۆژێك بێت گیانیان لەدەستدابێت.
ئەو ماڵەی سێ كەسەكە تیایدا گیانیان لەدەستداوە، لە گەڕەكی عەنكاوەی نوێیە و هەر لەناو ماڵەكەدا گیانیان لەدەستداوە، پۆلیسیش پاش ئاگاداركردنەوەی تەرمەكانی هەڵگرتۆتەوە و رەوانەی پزیشكی دادوەری هەولێری كردون. 
رادیۆی نەوا پەیوەندی كرد بە بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنكاوە و بەهۆی نەبونی رەزامەندی پۆلیسی هەولێر هیچ زانیاریەكی لەوبارەیەوە نەدا، لە پۆلیسی هەولێریشەوە بەهۆی رێنماییەكانی بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی هەولێر، كە لەم هەفتەیەدا دەستبەكاربوە، هیچ زانیارییەك نەدرا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group