"رێككه‌وتنی هاوسه‌نگ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان و عیراق كراوه‌"

23/01/2020

نه‌وا
په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات و ده‌شڵێت: "رێككه‌وتنی هاوسه‌نگ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان و عیراق كراوه‌".
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تیی فیدراڵی سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ بودجه‌ی ساڵی 2020و دۆسیه‌ی نه‌وت بۆ په‌رله‌مانی كوردستان خسته‌ڕوو.
به‌ڵێن ئیسماعیل ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان به‌ میدیای حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، به‌رنامه‌ی یه‌كه‌می دانیشتنی په‌رله‌مان بریتی بو له‌ ئاماده‌بونی شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ڕوی ده‌رئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ.
وتیشی: "شاندی حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌غدا ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ رۆژانه‌ بڕی (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا شایسته‌ داراییه‌كانی حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پارێزراو بێت".
ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی پارله‌مانیش، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان وتی: "رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا رێككه‌وتنێكی هاوسه‌نگه‌ و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان و عیراقیشه‌، سیاسه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان پاڵپشتی كردنه‌ له‌و تێگه‌شتنه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی له‌نێوانیاندا هاتۆته‌ ئاراوه‌ و وه‌ك بنه‌ما په‌سه‌ند كراوه‌".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group