ئه‌مریكا و هه‌سه‌ده‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان دژ به‌ داعش ده‌ستپێكردۆته‌وه‌

27/01/2020 جیهان

نه‌وا
ئه‌مریكا و هه‌سه‌ده‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌ستیان كردۆته‌وه‌ به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژ به‌ داعش، به‌ڵام له‌ عیراق هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ده‌ستی به‌ ئۆپه‌راسیۆن نه‌كردۆته‌وه‌.
كێنێس مه‌كێنزی فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مریكا له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكردووه‌، له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ده‌ستیان به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژ به‌ داعش كردۆته‌وه‌ و هه‌فته‌ی سێ بۆ چوار ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
مه‌كێنزی ده‌شڵێت "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ 3ی ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ ده‌كرانه‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانمان له‌ عیراق، ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژ به‌ داعشمان راگرتبوو، به‌ڵام له‌ رۆژئاوای كوردستان و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌ستمان به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژ به‌ داعش كردۆته‌وه‌".
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژ به‌ داعشی له‌ عیراق راگرتووه‌.
دوای كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و هه‌ڵكشانی گرژییه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی نێوان ئه‌مریما و ئێران، هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژ به‌ داعشی له‌ عیراق راگرتبوو، به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیاشه‌وه‌ بۆسه‌ر باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا، پێشتر هه‌سه‌ده‌ ناچار بوو بۆ ماوه‌یه‌ك ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژ به‌ داعش رابرگرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group