رێكخراوی رۆشنبیری و داكۆكی لەكرێكارانی بیانی: دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر 3 كچ

27/01/2020

نەوا - رۆژیار سیروان - سلێمانی 
ئەمڕۆ دووشەمە سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری و داكۆكی لە كرێكارانی بیانی رایگەیاند: ساڵی رابردوو توانراوە 120 كێشەی جۆراوجۆر چارەسەر بكەن، سێ كچیش دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەرو بۆ وڵاتی خۆیان نێردراونەتەوە.
حەمە هەژار سەرۆكی رێكخراوی رۆشنبیری و داكۆكی لە كرێكارانی بیانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، وەك رێكخراوێكی خۆبەخش بەردوامن لە داكۆكی كردن و بەدواداچوان بۆ كێشە و گرفتەكانی كرێكارانی بیانی و چارەسەركردنیان، هەروەها بە ئەركی سەرشانی خۆیانی دەزانن هەموو توانایەكی خۆیان بەكاردەهێنین بۆ داكۆكی لە كەرامەتی مرۆڤایەتی و نیشاندانی سیمایەكی جوانی كوردستان بە دنیای دەرەوە. 
وتیشی، ساڵی رابردوو توانراوە 120 كێشەی جۆراوجۆر چارەسەر بكەن لە رووی وەرگرتنی پاسەپۆرت، پێنەدانی كرێ، بەندكردن،  لێدان و ئەشكەنجەدانیان، هەروەها دوو كچ رزگار كراون لەناوەڕاست و خواروی عێراق كە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنیان پێكرابوو، لەگەڵ جوڵاندنی كەیسی 180 كچ و كوڕ كە بازرگانیان پێوەكراوە بەهەمەهەنگی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ و وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی،  سێ كچیش دەستدرێژی سێكسی كرابویە سەریان و گەڕێنراوەتەوە بۆ وڵاتەكەیان.
باسی لەوەشكرد، رێژەی گیان لەدەستدانی ئەو كرێكارانەی لای ئێمە تۆماركراوە 15 كرێكاری بیانی بوە، توانراوە قەرەبوی سێ كرێكار بكرێت بەبڕی 20 هەزار دۆلار بۆ هەریەكەیان و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەكەی خۆیان جگە لەوە قەرەبوی خانەوادەی كرێكارێك كراوەتەوە لەكاتی كاركردن گیانی لەدەست داوە بەبڕی 6 هەزارو 800 دۆلارو لەئەستۆ گرتنی تێچوی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەكەی. 
ئاماژەی بەوەشدا: پرۆژەیەكیان داوەتە شارەوانی سلێمانی لەرێگای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەمەبەستی دروستكردنی ماڵی كرێكار لە كوردستان جۆرێك بێت لە شەڵتەر بەڵام بەداخەوە مامەڵەكەیان ونكراوە، ئامانجیان بوو  شوێنێكیان بۆ دابینبكەن تا تێیدا بمێننەوە بەتایبەت ئەو كرێكارانەی جێگای مانەوەیان نیە، لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە حكومەت دەكەن ئەو كەسانەی مامەڵەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكەن بەتوندترین شێوە سزایان بدرێت و بەڵگەی فەرمییان هەیە بەناوی سیانیەوە تەنها دەیخەنە بەردەستی سەرۆكی حكومەت چونكە تاكە بڕیاردەر ئەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group