ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا زیاتر بەرزدەبێتەوە و 4 هەزار و 500 كەسی تێپەڕاند

28/01/2020

نەوا
دەسەڵاتدارانی چین ئاشكرایانكرد، ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبونەوەدایە و تائێستا 4 هەزار و 515 توشبو تۆماركراون، 106 كەسیش گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 60 توشبوش بەتەواوەتی چارەسەركراون و چاك بونەتەوە.
لەبارەی كۆتا ئاماری كۆرۆناوە، لیژنەی تەندروستیی نیشتمانی لە چین لەبەیاننامەیەكدا رونیكردوەتەوە، لیژنەكە زانیاری راست و دروستی لە 30 كەرتەوە بەدەستگەیشتوە و بەپێی داتاكانیش ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتوە بە 4 هەزارو 515 كەس و 976یان بارودۆخیان ناجێگیرە.

رونیشكراوەتەوە، تائێستا 106 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە، كە 85 یان لەكەرتی ووهان بون، سەرەڕای ئەوەش 60 توشبوو چارەسەركراون و بەتەواوەتی چاكبونەتەوە.
لای خۆیشیەوە ئوردن بڵاویكردەوە، دوو هەزار كرێكاری چینی لە پرۆژەیەكی كاركردن دابڕیوە، ئەوەش لە ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنایە نەوەك لەنێویاندا بڵاوبوبێتەوە، چونكە 20 بۆ 30 كرێكار لەماوەی دوو هەفتەی رابردودا لە چینەوە گەڕاونەتەوە ئوردن.
لەلایەكی دیكەوە یەكەم حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەڵمانیا تۆماركرا، سوپای وڵاتەكەش راسپێردراوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی ئەڵمانیا، كە لە شاری ووهان-ی چین دەژین.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا ئاشكرایكرد، یەكەم حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسەكە لەو هەرێمە تۆماركراوە، كە توشبوەكە پیاوێكە لە شاری شتارنبێرگ-ی هەرێمەكەیان دەژی.

توشبوەكەی ئەڵمانیا لەژێر چاودێریی پزیشكیدایە و بەتەواوەتی لە خەڵك جیاكراوەتەوە، بەرپرسانی پزیشكیی وڵاتەكەش پێشتر رایانگەیاندوە "مەترسیی حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا لەسەر خەڵكی هەرێمی باڤاریا زۆر كەمە".
ئەڵمانیا دووەم وڵاتی ئەوروپایە توشبون بەو ڤایرۆسەی تێدا تۆماربكرێت و پێشتر لە فەرەنسا سێ حاڵەت تۆماركراون.
بەپێی میدیاكانی ئەڵمانیا، 90 هاووڵاتیی ئەڵمانی لە شاری ووهان-ی چین دەژین، كە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەیە، بۆیە سوپای ئەڵمانیا راسپێردراوە لە دوو رۆژی داهاتودا‌ بە فڕۆكەی سەربازی ئەو كەسانە بگەڕێنێتەوە‌ وڵاتەكەیان.

هەرچەندە لەو هەوڵانەی وڵاتان دەستپێدەكات، بەڵام ئەو وڵاتە رێگەنادات هیچ كەسێك بە بیانیەكانیشەوە لە هەرێمەكە بچنەدەرەوە.
لەو چوارچێوەیەدا باڵیۆزخانەی روسیا لە پەكین بڵاویكردوەتەوە، بۆ گەڕانەوەی ئەو روسیانەی لە هەرێمی ووهان نیشتەجێن، گفتوگۆیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی چین كردوە، بەڵام ئەو وڵاتە رەتیدەكاتەوە هیچ هاووڵاتییەكی بیانی لەو هەرێمە ببرێتەدەرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی پەكین بەڵێنیان داوە سەرجەم پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكات، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی روسیا دەكەن بەئارامیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا بكەن.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی زانیاریەكان سەدان هاووڵاتی بەریتانی و وڵاتانی دیكەی جیهانیش لەو هەرێمەدان، بەڵام حكومەتی چین رەتیدەكاتەوە رێگەیان پێبدات هەرێمەكە جێبهێڵن.
لای خۆیەوە حكومەتی عیراق بڵاویكردوەتەوە، فڕۆكەیەكی تایبەتی بە تیمێكی پزیشكییەوە ئامادەكردوە بۆ گەڕانەوەی خوێندكاران و هاووڵاتیانی عیراقی، كە 63 كەسن لەو هەرێمەدا و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی چین لەوبارەیەوە قسەیان كردوە.
هەروەها مەغریبیش 100 هاوڵاتی لەو هەرێمەی چین نیشتەجێن و شا محەمەدی شەشەم پادشای مەغریبیش فەرمانی بە حكومەتی وڵاتەكەی داوە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group