پەرلەمانتارێك: بەرهەم ساڵح ژیانی لە عیراقدا پەكخستوە

28/01/2020 عێراق

نەوا
عەباس یابر عەتافی ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی عیراق دەڵێت "بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار بەرپرسیارێتی پەكخستنی ژیانی لەپارێزگاكاندا لەئەستۆدایە". داواش دەكات پەرلەمان بۆ رونكردنەوەی هۆكارەكانی رانەسپاردنی هیچ كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بانگهێشتی بكات.
عەباس یابر لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكرد، پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق بریتین لە بوركانێك و توڕەبونێك لە هێزە سیاسییەكان و حكومەت، ژیان لەو پارێزگایانەدا وەستاوە، چونكە راسپاردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دواخراوە.
وتیشی "چەندین ناو پێشكەشی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار كراوە، بەڵام هیچ یەكێكیانی رانەسپاردوە بۆ پێكهێنانی حكومەت و هۆكاری رەتكردنەوەی ئەو ناوانەش رونناكاتەوە، لەكاتێكدا وڵات بەو دۆخەی ئێستادا تێدەپەڕێت و كاتیش نەماوە". 
ئەو پەرلەمانتارە داوا لە سەرۆك كۆمار دەكات، لەرێگەی بەیاننامەیەكەوە ئەوەی رودەدات بۆ گەلی عیراق ئاشكرابكات و دەشڵێت "پەرلەمان بەشێكی بەرپرسیارێتیەكەی دەكەوێتەئەستۆ ئەگەر هاتو دانیشتنێكی بەپەلەی ئاشكرا لەبەردەم گەلدا ئەنجامنەدات، كە تێیدا میوانداری سەرۆك كۆمار بكات بۆئەوەی هۆكاری رانەسپاردنی هیچ كاندیدێك ئاشكرابكات، هەروەها سەرجەم فراكسیۆنە سیاسییەكانیش بەرپرسیارێتی ئەوەی رودەدات دەكەوێتە ئەستۆیان، چونكە ناتوانن لەسەر كەسێك رێكبكەون، كە گونجاو بێت و لەلایەن هەموانەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی قبوڵكراو بێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group